لە تەقسیم ڕێپێوانی کرێکاران بەڕێوەدەچێت

ناوەندی هەواڵەکان

سەرەڕای ڕێگرییەکان، بە مەبەستی پێرۆزکردنی ڕۆژی ١ـی ئایار و لەسەر بانگەوازی سەندیکاکان، کرێکاران و ڕەنجدەران بۆ ئەوەی بەرەو گۆڕەپانی تەقسیم ڕێپێوان ئەنجام بدەن، لە پارکی ساراچخانە کۆبوونەوە.

بڕیار وایە، ئەمڕۆ، لە گۆرەپانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ، لەلایەن کرێکاران و سەندیکاکانەوە ئاهەنگی پیرۆزبایی ١مێ ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش کرێکاران و ڕەنجدەران لە پارکی ساراچخانە کۆبوونەتەوە.

سەرەڕای قەدەغەکردنی گردبوونەوە لە گۆڕەپانی تەقسیم لەلایەن دەسەڵاتەوە و گەمارۆدانی ناوچەکە لەلایەن پۆلیسەوە، بە پێشەنگایەتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ-دیسک، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا جەماوەریەکانی ڕەنجدەران-کەسەک، یەکێتی ژوورەکانی ئەندازیارانی بیناسازیی، یەکێتی پزیشکانی ددانی تورکیا و یەکێتی پزیشکانی تورکیا-تەتەبە، بانگەوازیی بەشداربوونیان لە ئاهەنگەکە کرد.

ژنان، گەنجان، نوێنەرانی سەندیکاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بەرەو گۆڕەپانەکە ڕێپێوان بکەن، لە ساراچخانە کۆبوونەوە، چالاکوانان لەگەڵ وتنەوەی سروودی ١ـی ئایار، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی ڕێپێوانەکەن.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، ڕێکراوە فێمینیستیی و ژینگەییەکان لە وێستگەی یەنیکاپیی مەرمەرەوە بەرەو پارکی ساراچخانە ڕێپێوان دەکەن، دواتر لەوێوە بەرەو تەقسیم درێژە بە ڕێپێوانەکەیان دەدەن.

ب. ق

Comments are closed.