یەکێتی لە دژی سکاڵاکەی مەسروور بارزانی داوایەکی ئاراستەی دادگای فیدڕاڵی کرد

ناوەندی هەواڵەکان

لە دژی سکاڵاکەی مەسروور بارزانی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە دادگای فیدڕاڵی، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە داوایەک ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدڕاڵی کردووە و دەڵێت: ڕاگرتن یان هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمیسیۆن لەم كاتە هەستیارەدا كە ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان دەبێتە هۆی بە فیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و زیانگەیاندن بە گەلی کوردستان.

شاڵاو کۆسرەت ڕەسوول، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە و سەرۆکی لیستی یەنەکە لە هەولێر، لە دوای سکاڵاکەی مەسروور بارزانی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، داوایەکی لە دادگای فیدڕاڵی کرد.

لە داواکەی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوولدا ڕوونکراوەتەوە، كە پێشكەشكردنی داواكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێچەوانەی دەقی ماددەی (١٩/دووەم)ـی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە ٣١ـی ساڵی ٢٠١٩ـی هەمواركراوە، كە دەڵێت: لە بابەتەكانی پەیوەست بە كاروباری هەڵبژاردن، جگە لە بەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، نابێت لە هیچ شوێنێكی دیكە تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بدرێت.

باس لەوەشکراوە، كاتی تۆماركردنی داواكە پێچەوانەی دەقی ماددەی ٢٣ـی پەیڕەوی ناوخۆی دادگایە، كە تیایدا هاتوو: دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە دیارییكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، ناتوانرێت تانە لە هیچ یاسایەكی هەڵبژاردن یان دەقێكی هەڵبژاردن بدرێت، داواكەی بارزانیش لە كاتێكدایە تەنها یەك مانگ ماوە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن كە بە مەرسوومێكی هەرێمی دیاریكراوە.

دەشڵێت: ڕاگرتن یان هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمیسیۆن لەم كاتە هەستیارەدا كە ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان و كۆمیسیۆن گرێبەستەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكەی تەواو كردووە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و شڵەژان بۆ كارەكانی كۆمیسیۆن دروست دەكات، جگە لەو زیانانەی بە گەلی كوردستان دەكەون لە پێكنەهێنانی حكومەتێكی هەڵبژاێردراو.

ب. جـ

Comments are closed.