یەنەکە: لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت باسی هەڵبژاردن نەكراوە

ناوەندی هەواڵەکان

دوای ئەوەى یەکێک لەسەرکردەی ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم باسی لەوە کرد کە پەدەکە و یەنەکە لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوە بردنى دەوڵەت لە بەغدا لەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ڕێککەوتوون، یەنەکە ئەو دەنگۆیە ڕەتدەکاتەوە.

یەنەکە لە ڕێگەى میدیاکانییەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە ٢٢ كەسایەتیی سیاسی و حكومی بەشداربوون، نە لە دوور نە لە نزیك، یەك وشەش لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان باسنەكراوە.

هەروەها یەنەکە ئاماژەى بەوە کردوە، ئەو بەرپرسەى ئۆپۆزسیۆن بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتیی بەردەوام مەبەستیەتی بۆ ڕازیكردنی پەدەکە ژێربەژێر، ناوی یەكێتی تێوەبگلێنێ، کە مەبەستى یەنەکە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێیە.

هاوکات یەنەکە باسی لەوە کردوە، شاسوار عەبدولواحید پێشتر ڕایگەیاندبوو كە لە ئەگەری دواخستن، داوای یاسایی لە دادگای فیدراڵی لەسەر پارتی تۆماردەكات، بەڵام لەبری ئەوە پەلاماری یەكێتی دەدات و مەبەستیەتی بەڵێن و هەڕەشەكانی پێشتری لەبیر خەڵك بباتەوە، چونكە خۆی و میدیاكەی پەردەپۆشی لێدوانەكانی خۆی دەكەن.

بڕیارە بوو هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ١٠ی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێک کارەکانى کۆمسیۆنى هەلبژاردنى ڕاگرت، هاوکات پەدەکەش هەموو هەوڵەکانى خستووەتە گەڕ بۆ دواخستنى هەڵبژاردن.

هـ.ح

Comments are closed.