کەسوکاری زیندانییان داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن

ناوەندی هەواڵەکان

لە چالاکیی کەسوکاری زیندانییان بانگەوازیی هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی “ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” کرا.

لەپێناو “ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” چالاکی کەسوکاری زیندانییان لە چەند شارێکی باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە.

ئەدەنە

کەسوکاری زیندانییان ویستیان لەبەردەم بینای ئاکەپە ڕاگەیاندراو بخوێننەوە، کەسوکاری زیندانییان لەبەردەم بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن.

دواتر لە پارکی ئینۆنۆ ڕاگەیاندراوەکە خوێنرایەوە، بەشداران یەلەکی “گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە”یان پۆشی و پانکارتی “بۆ دادپەروەری گۆشەگیری دەشکێنین، بۆ ئاشتی جڤاکی دەبینە دەنگی زیندانیانیان” و درووشمی “بژی بەرخۆدانی زیندان” بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە شارەکە، سەیفەدین ئایدەمیر ڕایگەیاند لەپاش پرۆسەی چارەسەری، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گۆڕاوە بۆ گۆشەگیری ڕەها و لە هەموو زیندانەکان بڵاوبۆتەوە، گوتی: “گۆشەگیری سەر ئۆجالان، قەیرانی ئابووری و سیاسی و جڤاکی قووڵتر دەکاتەوە. ئەم گۆشەگیرییە دەریدەخات، چارەسەرنەکردن و سیاسەتی شەڕ لە چارەسەری پرسی کورد بە باشتر دەزانرێت. ئەم ڕژێمی گۆشەگیرییە، سنووردارکردنی ئازادییەکان، زیادبوونی پێشێلکاری و گۆشەگیری جڤاکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بۆ چارەسەری پرسی کورد و هەموو کێشەکان، با گۆشەگیری کۆتایی بێت”.

ڕاگەیاندراوەکە بە چالاکی دانیشتن کۆتایی هات.

جولەمێرگ

کەسوکاری زیندانییان لە ناوچەی شەمزینانی جولەمێرگ لەبەردەم بینای دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. لە لقی جولەمێرگی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، پنار یەڵماز ڕایگەیاند کەسوکاری زیندانییان بەهۆی نەبوونی زانیاری دەربارەی خزمەکانیان نیگەرانن، داوای لە وەزارەتی داد کرد کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت و زیندانیە نەخۆشەکان ئازاد بکات.

لە کەسوکاری زیندانییان فاخیر گەیلانی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر وەزارەتی داد کە گوتبووی “گۆشەگیری نییە”، هەروەها ڕایگەیاند ئەوان بۆ مرۆڤایەتی و دادپەروەری تێدەکۆشن، تا گەیشتن بە ئەنجامێک درێژە بە چالاکی دەدەن.

مێرسین

کەسوکاری زیندانییان بە درووشمی “گۆشەگیری کۆتایی پێ بهێنن” لەبەردەم بینای ئاکەپەی مێرسین ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، کەسوکاری زیندانییان و پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان و بەڕێوەبەرانی بەشێک لە ڕێکخراوەکان، بە چەپڵە و درووشم بەرەو بینای ئاکەپە ڕێپێوانیان کرد. پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن و لەوێ چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.

هاوسەرۆکی دەم پارتی مێرسین، ڕەشاد ئاشان ڕایگەیاند بۆ بیرخستنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی ئاکەپە لەوێ کۆبوونەتەوە، گوتی: “پێویستە پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، ناونیشانی چارەسەر ئیمراڵییە، تا گۆشەگیری توندتر دەبێت، کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن. داوا دەکەین گۆشەگیری کۆتایی بێت”.

دایکی ئاشتی ئەمینە ئەرەن ڕایگەیاند دەمانەوێت ڕشتنی خوێن و فرمێسک کۆتایی بێت، پێویستە بۆ ئاشتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت.

ب.گ

Comments are closed.