ناتۆ لەسەر درووستکردنى سوپایەکی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

ناوەندی هەواڵەکان

سکرتێری گشتیی ناتۆ هەڵوێستی خۆی لەسەر درووستکردنی سوپایەکی تایبەت بە وڵاتانی ئەوروپا ڕاگەیاند و جەختیکردەوە، ئەگەر درووستکردنى ئەو هێزە نابێتە بەدیلی ناتۆ ئاساییە، هاوکات داوای لە ئەندامانی ئەو وڵاتانەش کرد خەرجییەکانی تایبەت بە بەرگری زیاد بکەن.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست سەبارەت بە درووستکردنى سوپایەکى هاوبەشی وڵاتانى ناتۆ قسەی کرد.

یەنس ستۆڵتنبێرگ ڕایگەیاند: ئێمە بە گرنگی دەزانین کە یەکێتی ئەوروپا هەوڵی زیاتر بدات تا خەرجییەکانى لە بواری بەرگریدا زیاتر بکات، ناتۆش بە فەرمی ئەوەی داوا کردووە.

ڕوونیدەکاتەوە، یەکێتیی ئەوروپا ناتوانێت جێگەی ناتۆ بگرێتەوە و ئەندامانی ئەو یەکێتییە ٢٠% خەرجییەکانی بەرگریی ناتۆ دابین دەکەن و ٨٠%ـی  لە دەرەوەی یەکێتییەکە دابین دەکرێت.

سکرتێری گشتیی ناتۆ داواشی لە وڵاتانى ئەوروپا کرد، خەرجییە داراییەکانیان بۆ هاوپەیمانی زیاتر بکەن، چونکە بەوتەى ئەو خەرجییەکانى ناتۆش زیادی کردووە.

سەبارەت بە هەوڵدانى یەکێتى ئەوروپا بۆ درووستکردنى سوپایەکی هاوبەش لەدەرەوەى هێزی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ جەختیکردەوە، وەک ناتۆ دژی ئەو جۆرە هەوڵەن و ڕایگەیاند: ناتۆ دەبێت دامەزراوەی سەرەکی بێت و هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نەبێتە بەدیل و جێگرەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دامەزراوەیەی یەکێتى ئەوروپا دەیەوێت دروستی بکات، ڕکابەر و بەدیل نابێت، ئەوا شتێکی ئاساییە کێشە درووست ناکات.

ماوەی چەند ساڵێکە یەکێتى ئەوروپا دەیەوێت سوپایەکی هاوبەشی وڵاتانى ئەوروپا درووست بکات لە دەرەوەى هاوپەیمانی ناتۆ، بۆ ئەوەش پێشتر جۆزێپ بۆرێل، کۆمسیاری باڵای کاروباری دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا سەرپەرشتیاری ئەو پڕۆژەیە بوو، کە بەپێی وتەى ئەو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئەو هێزە دروست دەکرێت.

ئاماژەى بەوەشکردبوو، کە ئەو هێزەى لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە درووست دەکرێت ژمارەیان سەرووی پێنج هەزار کەس دەبێت و بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندی وڵاتانی یەکێتییەکە دەکەن.

هـ.ح

Comments are closed.