وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی کۆماری چیک و مۆڵدۆڤا بکات و تاوتوێی پشتیوانی سەربازی ناتۆ بۆ ئۆکراین دەکات، بەرپرسێکی وەزارەتى دەرەوەش دەڵێت: پێشبینی ناکەین ئۆکراین بانگهێشتنامە بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ وەربگرێت.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بڵاویکردەوە کە لە کۆتایی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەى ئەمریکا سەردانى ئەوروپا دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، بلینکن بەشداری له کۆبوونەیەکی نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ له پڕاگ دەکات.

هەروەها بڕیارە لەگەڵ یان لیپاڤسکی وەزیری دەرەوەی چیک و بەرپرسانی باڵای دیکە کۆببێتەوە و تاوتوێی پشتیوانی زیاتر بۆ ئۆکراین و مۆدێرنکردنی بەرگری هاوبەش و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی وزە بکەن.

لەوبارەیەوە جەیمس ئۆبراین، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئۆراسیا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارەکان بۆ کۆبوونەوەی مانگی تەمموزی ناتۆ لە واشنتۆن ئامادە دەکرێت.

ئۆبراین ئاماژەى بەوەشکرد، پێشبینی ناکەن ئۆکراین بانگهێشتنامەیەک بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ وەربگرێت، بەڵام پێیوایە پشتیوانییەکی بەرچاو بۆ ئۆکراین لە خواستی سەرکەوتنی لە شەڕەکەدا نیشان دەدرێت.

هەروەها دەشڵێت: ئەم پشتیوانییە بریتییە لە یارمەتیدانی ناتۆ بۆ بنیاتنانی هێزە چەکدارەکانی داهاتووی ئۆکراین و هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکان بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ.

لە سەردانەکەیدا بۆ مۆڵدۆڤا، بلینکن تاوتوێی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئەندامبوون بە یەکێتی ئەوروپا و ئاسایشی وزە دەکات.

هـ.ح

Comments are closed.