“نزیكەی ٢٩ هەزار خێزانى ئاوارە گەڕاونەتەوەی زێدی خۆیان”

ناوەندی هەواڵەكان

بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە كامپەكانی هەرێمی كوردستان و كامپەكانی دیكە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان، گەیشتووەتە نزیكەی ٢٩ هەزار خێزان، كە زۆربەیان خەڵكی شنگالن، دەشڵێت: چەندین ڕێكارمان گرتووەتەبەر بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەكان.

كەریم نوری، بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە بارەی ئاماری ئەو ئاوارانەى لە كامپەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بۆ میدیای فەرمی عێراق دەدوێت.

كەریم نوری ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە كامپەكانی هەرێمی كوردستان و كامپەكانی دیكەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان، گەیشتووەتە نزیكەی ٢٩ هەزار خێزان كە زۆربەیان خەڵكی شنگالن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە دوای داخستنی خوێندنگەكانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان بەم شێوازە بووە، لە سلێمانیەوە نزیكەی ٩٤٥ كەس گەڕاوەتەوە، هەروەها ١٦٠ خێزانیش لە دهۆك و هەولێرەوە گەڕاونەتەوە، هەوڵێکى گەورەش بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان هەیە.

سەبارەت بە ناڕەزایەتی و ئاستەنگەكانی بەردەم كۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەكان لەمساڵدا، كەریم نوری وتی: هەموو بڕیارێك بێ ناڕەزایەتی و ئاڵەنگاریی نییە، بەڵام ئێمە ئەركێكی نیشتیمانی و بەرنامەی حكومیمان بۆ داخستنی كامپەكان هەیە.

 باسی لەوەشكرد، بڕیارەكەی ئەم دوایانەی وەزارەتەکەمان بۆ داخستنی كامپەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان، ڕووبەڕووی هەندێك كێشە بووەوە، بەڵام ئێمە زۆر پێشەیی كارمان كردووە، بە مەبەستی هاندانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە، لەنێویاندا زیادكردنی یارمەتییە داراییەكان لە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار، جگە لە پێدانی پارە بە خێزانەكان بۆ ئەوەی هەندێك كاڵای ناو ماڵ بكڕن.

لە كۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، حكومەت جدییە لە داخستنی كامپەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان، چونكە هێشتنەوەی كامپەكان لەم كاتەدا بۆ عێراق قورسە.

جێگەی ئاماژەیە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڕیاری داوە، تا كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ كۆتایی بە دۆسێیەی ئاوارەكان بهێنێت و سەرجەمیان بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان.

هـ.ئ

Comments are closed.