سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی: کارکردن بە منداڵ داهاتوو و خەونەکانی لەناو دەبات

سلێمانی

كاركردنی زۆرەملێ بە منداڵان و ناچاركردنیان، وادەكات ئایندەیان ڕۆشن نەبێت و لە ڕووی كەسایەتی و دەروونییەوە لە داهاتوودا كەسێكی چالاک و تەندروست نەبن، سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیش دەڵێت: کارکردنی بە منداڵان دەبێتە هۆی کوشتنی هەموو خەون و ئاواتەکانی.

میدیا عومەر حسێن، سەرپەرشتیاری پەروەردەی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنیوز باسی لە کارکردنی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی بۆ داهاتووی ئەو منداڵانە و کۆمەڵگە کرد.

“کارکردن منداڵ لە منداڵێتیی دووردەخاتەوە”

میدیا عومەر سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێکرد، کە پێویستە منداڵ لەناو خێزاندا  بێت و مافەکان و ژیانی پارێزراو بێت و وتی: كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی خراپە، چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەموو خەون و ئاواتەکانی و دەیانخاتە دۆخێکەوە هەست بە منداڵێتی خۆیان نەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت مافە بنچینەکانی منداڵ دابین بکرێت و توندوتیژی بەرامبەریان نەکرێت، هەر خێزانێک ڕێگە بدات منداڵەکەی بچێتە سەر شەقام کاربکات ئەوا مافەکانی  منداڵەکەی پێشل کردوە، بەخێوکردنی منداڵ لەسەر خێزانەکان فەرزە، پێویستە خێزانەکان خۆیان کاربکەن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

دووپاتی کردەوە، منداڵ مافی ئەوەی هەیە لە کەشێکی ئارامدا  ژیان بەسەر بەرێت نەک وەک ئەوەی دەیبینین ڕووبەڕووی دەستدرێژیی و سووکایەتی دەبنەوە لەلایەن دەوروبەرەکەیانەوە، ئەرکی دایک  و باوکە ژیانێکی  باش و شایستە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.

“منداڵانی کارکەر قوربانیی جەنگ و خانەوادەکانیانن”

ئەو سەرپەرشیارە پەروەردەییە بەردەوامی بە قسەکانیدا و وتی: سەرمای سەختی زستان بەفر و باران و تەنانەت گەرمای بەتینی هاوینیش نەیتوانیوە ئەو منداڵانەی سەر شەقام لە کارکردن بووەستێنیت، ئەوان قوربانی جەنگ و خانەوادەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر شەقامەکانیشدا ڕووبەڕووی چەندین جۆر توندوتیژیی دەبنەوە، جیا لەوەی ئەو منداڵانە لەڕووی تەندرووستییەوە سیستەمی خۆراکییان تەندروست نییە، چونکە هەندێک کات خواردنی بەرماوەی خواردنگەکان دەخۆن.

“دەبێت بە ڕێکاری یاسایی کارکردنی منداڵان قەدەغە بکرێت”

دەربارەی ڕێبازەکانی کۆتاییهێنان بە دیاردەی منداڵانی کارکەر، میدیا عومەر پێشنیاری کرد حکومەت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بەگرتنەبەری ڕێکاریی یاسایی و واژۆکردنی بەڵێننامە بە خێزانەکان ڕێگریی لە کارپێکردنی منداڵان بکەن.

سەرنجی ڕاکێشایە سەر خاڵێکی دیکە و وتی: پێویستە  منداڵ هەر کە لەدایک بوو بیمەیەکی هەبێت، بۆ ئەوەی خێزان وا لە منداڵەکە نەکات بۆ بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی بیخاتە سەرشەقام.

“کارکردنی منداڵان لە داهاتوودا گرفت بۆ خێزان و کۆمەڵگەش درووست دەکات”

میدیا عومەر چەند لێکەوتە و دەرئەنجامێکی کارکردنی بە منداڵان باس کرد و تی: بەهۆی کارکردنەوە، منداڵان فێری ڕەفتاری نەشیاو دەبن، ئەو  منداڵانەی کاردەکەن ڕووبەڕووی توندوتیژیی بوونەتەوە چ دەروونی یا جەستەیی و زارەکیی بێت، کە ئەوەش لە داهاتوودا دەبێتە گرفت بۆ خێزان و کۆمەڵگە و تاکێکی ناتەندرووست بەرهەمدێنێت.

ش. ئـ

Comments are closed.