شیکاری (D-Dimer) چییە و پێویستە بۆ کێ ئەنجام بدرێت؟

ناوەندى هەواڵەکان

نەخۆشخانەى سمارت بڵاوى کردەوە، شیکاری (D-Dimer) شیکاریەکی تاقیگەییە بۆ دەستنیشانکردنی بڕی پڕۆتینی لە خوێندا ئەنجام دەدرێت، دەشڵێن، ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە جێگادا دەکەون بەهۆی نەشتەرگەری یان هەر هۆکارێکی دیکە دەبێت ئەم شیکارییەیان بۆ ئەنجا بدرێت.

نەخۆشخانەى سمارت لەبارەى شیکاری (D-Dimer) ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە، ودەقەکەى بەمجۆرەیە:-

شیکاریەکی تاقیگەییە بۆ دەستنیشانکردنی بڕی پڕۆتینی (D-Dimer) لە خوێندا، ئاسایی پڕۆتینەکە بەبڕێکی کەم بوونی هەیە لە خوێندا، لەکاتی دروستبوونی خوێنی مەیوو لە بۆریەکانی خوێندا، سیستەمی خوێنمەیاندن لەڕێگەی ئەنزیمی (Fibrinolysis)ەوە خوێنەمەیووەکان شیدەکاتەوە، لە پاشماوەی شیبوونەوەکە پڕۆتینی (D-dimer) پەیدادەبێت، بەمەش بڕی پڕۆتینەکە لەخوێندا زیاد دەکات.

هەربۆیە بەرزی بڕی برۆتینەکە دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ هەبوونی مەترسی خوێنمەین لە بۆریەکانی خوێندا دابنرێن.

کێ پێویستە ئەم شیکاریە ئەنجامبدات؟

یەکەم- کەسانی توشبوو بە جۆرە جیاوازەکانی ڤایرۆس(پەتا)ـی وەرزی وەک کۆرۆنا.

دووەم- ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە جێگادا دەکەون بەهۆی نەشتەرگەری یان هەر هۆکارێکی دیکە.

سییەم- ئەو کەسانەی گرفتیان لە بۆریەکانی خوێن و دڵ هەیە (جەڵتەی دڵ، گیرانی بۆرییە قوڵەکانی خوێن (DVT)، گیرانی بۆرییەخوێنەکانی سییەکان (Pulmonary Embolism)).

چوارەم- ژنانى دووگیان :

لەکاتی دووگیانیدا ئەگەری مەینی خوێن لە وێڵاش و بۆریەکانی خوێندا زیاددەکات، بەهۆی گەشەی بەردەوامی وێڵاش ڕۆشتنی خوێن سنوردار و کەمدەبێتەوە، ئەمەش ڕەنگە مەترسی دروستبکات لەسەر تەندروستی دایک و کۆرپەلە و دەکرێت ببێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە.

ڕێژەی (D-Dimer) لە ئافرەتانی دووگیاندا دەکرێت تا سێ بۆ پێنج هێندەی ڕێژەی ئاسایی بەرزبێتەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی ئاسایی پڕۆتینەکە پێویستە کەمتر لە (0.5μ/mL) بێت.

ئەو نیشانانە چینك کە هاوکات لەگەڵ بەرزی بڕی پرۆتینەکە هەستیان پێدەکرێت؟

یەکەم– دابەزینی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا.

دووەم– هەناسەتووندی.

سێیەم- ئازاری ماسولکەکان.

چوارەم– دڵەکووتە.

پێنجەم- دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە.

شەشەم- ناڕێکی لێدانی دڵ.

حەوتەم- کۆکە.

ئ.م

Comments are closed.