ئەمڕۆ ٢٤٨ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنى سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە تێدەپەڕێت

ناوەندى هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٢٤٨ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دا تێدەپەرێت، کە دوای ٢١١ ڕۆژ ڕێگەی بە پارێزەرەکانی درا سەردانی بکەن، بەڵام بە تۆمەتێکی ناڕەوا پەدەکە دەیەوێت لە ڕۆژى ٣٠ى ئەم مانگەدا دادگایی بکەن و سزای بەسەردا بسەپێنن، هەروەها سلێمان ئەحمەد داوای بەردەوامیدان بە فشارەکان دەکات تا ئازاد دەکرێت.

سلێمانی ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) دوای ئەوەی بۆ بەشداری کردن لە پرسەی باوکی گەڕایەوە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ باشووری کوردستان ، لە ٢٥ تشرینی یەکەم، لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە ڕفێندرا و دوای ٢١١ ڕۆژ چارەنووسی ئاشکرابوو.

دوای ٢١١ ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، دواجار لە ٢٢ـی مانگى ئایارى ئەمساڵ، پارێزەرانی توانیان چاویان پێیبکەوێت و بریکارنامەی بۆ واژۆ بکەن، بۆ ئازادکردنی کار لە کەیسەکەیدا بکەن.

بەشدار حەسەن، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، بە ڕۆژنیوزی وت: دوای بینینی ڕێگە دراوە کە ببینە پارێزەری و هەروەها بۆ ماوەی دوو خولەک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خانەوادەکەیدا کردووە.

هەروەها وتیشی: سلێمان ئەحمەد، لە ئێستادا بەپێی مادەی (١) لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی، لە داهاتوودا هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی کەیسەکەی ببەینە دادگا و بە خەڵکی ڕابگەیەنین کە چ ڕۆژێک دادگایی دەکرێت و دواجار ئازاد بکرێت، ئێمە گەشبینین کە مژدەی ئازادکردنی دەدەین، چونکە بە وتەی خۆی هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە و لە لێپرسینەوەکانیشدا، دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی فەرمی چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و گەڕاوەتەوە و مافى مانەوەى هەیە.

لە دیدارەکەدا، سلێمان ئەحمەد، لە ڕێگەی پارێزەرانییەوە تاکە داواکاری ئەوەبوو، کە فشارەکان بەردەوامی پێ بدەن تا ئازاد کردنی.

ئاژانسی ڕۆژنیوز تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و وەک لە کاتی ڕفاندنەکەشیدا ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانە بێبنەمان و پەدەکە دەیەوێت سیناریۆی بۆ دابڕێژێت و سزای بدات، لە ئێستاشدا ڕۆژنیوز داوا دەکات ئاسایشی پەدەکە بە زوویی سلێمان ئەحمەد ئازادبکات و چیتر نەبێتە ڕێگر لە بەردەم کایەی ڕۆژنامەنووسیی و ئاستەنگیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست نەکات.

ئ.م

Comments are closed.