عەلی‌ حەمە ساڵح: تورکیا جوڵەى سەربازى بۆ سنوورى هەولێریش دەستپێدەکات

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى هەرێم بڵاوی كردەوە، بێدەنگی‌ حكومەتەكانی‌ عێراق و هەرێم بەرامبەر لەشكركێشییەكەی‌ توركیا بە ئەندازەی لەشكركێشییەكە مەترسیدارە، دەشڵێت، ئەنقەرە پلانی بۆ هەولێر دەبێت و جوڵەی سەربازیش لە شارۆچكەكانی چۆمان و مێرگەسووریش دەستپێدەکات.

عەلی‌ حەمە ساڵح
عەلی‌ حەمە ساڵح

عەلی‌ حەمە ساڵح ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە بارەی لەشكركێشییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و داگیركردنی بەشێكی خاكی هەرێم و بێدەنگی حكومەتەكانی بەغدا و هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

عەلی‌ حەمە ساڵح دەربارەی‌ فڕۆكەخانەی سلێمانی نووسیویەتی‌: تۆمەتی ڕۆژنامەكانی توركیا لە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، كە دەڵێن: بەكاردێت بۆ گواستنەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و ڕۆكێتی ئێرانی و ئەمریكی بۆ پەكەكە و شەڕڤانان، تۆمەتێكی مەترسیدارە و دەبوو حكومەتی هەرێم هەم ئەم تۆمەتە ڕەتبكاتەوە.

دەشڵێت، حکومەتى هەرێم كاری جددی لەسەر ئەو تۆمەتانە بكات و نوێنەرایەتی وڵاتان بانگهێشتی فڕۆكەخانەكە بكات بۆ چاودێریکردن و ئەمریكاش بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی، بەڵام بەداخەوە حكومەت بێدەنگە.

عەلی‌ حەمە ساڵح پێیوایە دهۆك ئامانجە گەورەكەی توركیایە و ماوەی ١٢ ڕۆژە سەرقاڵی لەشكر كێشیە و هێزێكی زۆری بۆ سنووری هەرێمی كوردستان هێناوە، ئەگەر ئەو هەنگاوەى توركیا سەربگرێت، ئەنقەرە پلانی بۆ هەولێر دەبێت، جوڵەی سەربازی لە شارۆچكەكانی چۆمان و مێرگەسووریش دەبێت، زۆرێك پێیانوایە چۆمان و مێرگەسوور درێژكراوەی پلانەكەی دهۆكن، بەمەش گرفت و مەترسی گەورە بۆ سەر هەولێر دروست دەبێت.

عەلی‌ حەمە ساڵح لە كۆتایدا وتی: هەموان بێدەنگن، حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەكانیش بێدەنگن، ئەم بێدەنگیە بە ئەندازەی لەشكر كێشیەكەی توركیا مەترسیدارە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ ڕێكخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریكی – سی پی تی، بڵاوی كردەوە، لە ١٠ ڕۆژی رابردوودا دەوڵەتی تورك سەدان تانك و هەزاران سەربازی هێناوەتە ناو خاكی هەرێم، دەشڵێن، ئامانجی توركیا گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە شیلادزێ و داگیركردنی زنجیرە چیای گارا، بەمەش هەرێم لە ٧٠ بۆ ٧٥٪ـی سنووری دەسەڵاتی خۆی لە دهۆك لەدەست دەدات.

 

هــ.ئ

Comments are closed.