جوتیارانی کەرکووک ٤٧٣ هەزار تۆن گەنمیان ڕادەست کردووە

ناوەندی هەواڵەکان

کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە کەرکوک ڕایگەیاند، تا ئێستا بڕی ٤٧٣ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی کەرکووک وەرگیراوە، بەردەوامیش دەبن لە دابەشکردنی پارەی گەنم بەسەر جوتیاراندا.

ئەمڕۆ شەمە، حەسەن حەمدی بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لقی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەو لیستەی کە لەلایەن بەشی کشتوکاڵی پارێزگاکەوە ڕادەستیان کراوە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی بەردەوامی پڕۆسەکە، تا ئێستا ٤٧٣ هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتووە، بەردەوامیش دەبن لە دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران بەگوێرەی ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

باسی لەوەش کردووە، پیشبینی دەکرێت بڕی ئەو گەنمەی، کە لە ئەمساڵدا، دەخرێتە بازاڕەوە لە کەرکوک ٦٠٠ هەزار تۆن تێپەڕێنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی ١٢ـی نیسانی ئەمساڵەوە عێراق دەستی کردووە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش ڕۆژی ١٦ـی تەموزی ئەمساڵی وەک کۆتا ڕۆژ بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی عێراق و هەرێم دیاری کردووە.

ب.گ

Comments are closed.