ئێزدییەکان: پێویستە پەکەکە وەک ڕۆژئاوا خاوەنداری لە شەنگال بکات

چوؤرشەممە, 3 أغس 2016 – 15:14 

رۆژنیوز – زاھیر ئیبراھیم

لە دووەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگالدا، کوردانی ئێزدی لە کەمپی (بانەزێوک) نیگەرانن لە پارتی و دەسەڵاتدارانی ھەرێم کە تائێستا شەنگال ئازاد نەکراوە، ھەروەھا پارتی بە بەرپرسی یەکەم دەزانن لەو کارەساتەی کە بەسەر ئێزدییەکاندا ھاتووە، دەشڵێن شەنگال ئازاد نەکراوە هەتا ئاوەدان بکرێتەوە.

رۆژنیوز کەمپی بانەزێوکی شارۆچکەی رواندزی بەسەرکردەوە کە ئاوارەکانی شەنگالی تێدایە، لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنیوز لەبارەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، دانیشتوانی ئەو کەمپە ئاشكرایان کرد کە متمانەیان بە پارتی و ھێزە کوردییەکانی باشوری کوردستان نەماوە، ھاوڵاتییەکیش دەڵێت:” پێویستە پەکەکە خاوەنداریەتی لە شەنگال بکات، ھەروەک چۆن رۆژئاوا دەپارێزێت، پێویستە ئاواش شەنگال لەمەترسی داعش بپارێزێت .”

فەرحان ھادی، گەنجێکی ئیزدی و دانیشتووی کەمپی بانەزێوکە، بەشێک لە خزمەکانی لەدەست چەتەکانی داعشدان و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، ئەو گەنجە بە دڵگرانییەوە بۆ رۆژنیوز قسەی کرد گوتی:” تا ئێستا شەنگال ئازادنەکراوە، ئێمە سوپاسی ھەرکەسێک دەکەین کە ھاوکاریمان بکات، بەڵام لەبیر کراوین و حزبەکان بەدوای پاراستنی بەرژەوەندی خۆیانەوەن.”

هادی دەڵێت: بەداخەوە ئێمە بووینە ئامرازێک لەدەست حزبەکانی باشووردا، یاری بەچارەنووس و ژیانمانەوە دەکەن، بازرگانیمان پێوەدەکەن، بەھۆی ئەو بێ سەروبەرەیی و کەمتەرخەمیەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە تایبەت پارتی، ھەزاران کەسمان لەدەستدا، سەدانیشمان تا ئێستا دەستی داعشدان، تائێستا نازانین ماون یان نا، بۆکەس خەمخۆری دۆخی ئێزدیەکان نییە؟.

نااوبراو وتی:” ئێمە دەخوازین زوو شەنگال ئازاد بکرێت، وەک چۆن کۆبانێ ئازاد کرا، بۆچی ناتوانن شەنگال ئازادبکەن؟ ئێمە ئەزانین هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە کۆبانێ پارە نەکرایە ھۆکار و ئامانج، بەڵکو وەک برا لەدژی داعش جەنگان، بەداخەوە مرۆڤایەتی چاوی لە ئاست کارەساتی شەنگال داخستوە، پێشمەرگە نەیتوانی ئێمە بپارێزێت، نە کورد نە عێراق ھیچی بۆشەنگال نەکردووە، لە قسەکردنیش ناتوانین بەئارەزووی خۆمان دەری دڵ دەربڕین و رەخنەبگرین، چونکە ترسمان ھەیە لەوەی دەستگیر بکرێین.

ئەوگەنجە دەشڵێت: پەکەکە خەمخۆری شەنگال بوو، ئەگەر ئەوان نەبوان، ئێمە رووبەڕووی کارەساتی زۆر گەورەتر دەبووینەوە، ھیوادارم پەکەکە خۆی بکاتە خاوەنی شەنگالیش، وەک رۆژئاواش چاوی لە شەنگال بێت.

لەبەرسێبەری دیواری یاریگای رواندز، ھاوەڵاتییە بەساڵاچوەکانی ئێزدی بە نیگەرانییەوە لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە، ئەوان باسی کارەساتەکە و نەھامەتییەکانی ئەوکاتەیان دەکرد، عەلی مراد خێزاندارە و دانیشتوی شەنگال بووە، ئێستاش لە کەمپی بانەزێوک دادەنیشێت، بە رۆژنیوزی گوت:” بەداخەوە ھیچ پەیامێک نەماوە نەینێرین، ھەموولایەک دەزانن خەم و مەینەتی ئێمە چییە و داواکاریمان چییە، بەڕاستی تا ئێستا شەنگال ئازاد نەکراوە، ئەوە چ ئازاد کردنێکە کە دەبیستین زوو زوو ھاوەن دەکەوێتە خوارەوە، بەوھەموو ھێزەوە هەموو شەنگال کۆنترۆڵ ناکەنەوە، ئەمە چ شەرمەزارییەکە؟ “.

عەلی مراد گوتیشی: زۆر بەڵێنیاندا کە شەنگال ئاوەدان بکرێتەوە، کەچی تائێستا بەس قسەیە و بڕوام وایە جارێکی تر شەنگال بکەوێتەوە ناو کارەساتی گەورەتریش، چونکە پەراوێز خراوە، بە تایبەتی پارتی کە پێویست بوو خەمخۆری شەنگال بێت، چونکە ئەوان لەوکاتەدا ھێزی زۆریان لەشەنگال هەبوو.

رۆژنیوز ھەوڵی زۆری دا ژنان و کچانی ئێزدی لە کەمپی بانەزێوک بدوێنێت، بەڵام ئەوان رەشبینن لە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان گوتیان ئێمە دەرنەکاوین لە راگەیاندن، چونکە بێ سوودە .

لەلایەکی تر ساڵح قاسمی ئێزدی، ریشسپی کەمپەکەیە، بۆ ئاژانسەکەمان دوا و گوتی:” ئەمڕۆ رۆژی داگیرکردن و کۆمەڵکوژییە، لەم رۆژەدا شەنگال رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بووەوە، ئێزدییەکان دەربەدەر کران، ئاوارەی وڵاتان بوون، کچ و ژن و بووک و گەنجان، بە دەستی داعشەوە بازرگانیان پێ دەکرێت، تا ئێستا ھەزاران ئێزدی لەدەستی داعشن، کەس نازانێت چیان بەسەر ھاتووە، داوکارین حزبە کوردییەکان بەڵێنەکانیان ببنە سەر و چیتر یاری بە چارەنووس و ژیانی ئێمەوە نەکەن، شەنگال ئازاد و ئاوەدان بکرێتەوە.

جێگای باسە لە شارۆچکەی رواندز، زیاتر لە ١٠٠خێزانی ئێزدی ھەن، نزیکەی ٨٠خێزان لەکەمپی بانەزێوک نیشتەجێن و بەشێک لەو خێزانانە کچ و ژنەکانیان لە دەست چەتەکانی داعشدان، ھاوکات تائێستا لە سنوری شارۆچکەی رواندز تەنیا پێنج خێزان گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال، بەپێی بەداواچوونی رۆژنیوز لەکەمپی بانەزێوک، ئێزدییەکان پێویستیان بەھاوکاری و پێداویستی رۆژانە ھەیە کە ماوەی سێ مانگە ھاوکاری نەکراون.

س.خ

Leave A Reply