ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە سێ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەتکرایەوە

شەممە, 22 فبر 2020 – 13:11  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

بەیانی ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)ی ئێران دەستیپێکرد، بەڵام ئەنجامەکان لە سێ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەتکرایەوە و خراوەتە قۆناغی دووەم.

بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئێران، بەهۆی نەگەیشتنی بە ڕێژەی پێویست، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە شاری “شاباد”ی سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەتکراوە و دوو کاندید کە زیاترین دەنگیان هێناوە لە قۆناغی دووەم دەچنە کێبڕکێیەوە.

هەروەها لە شارەکانی مەریوان و بێجاڕ سەربە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر بە هۆکاری نەگەیشتنی بە ڕێژەی پێویست، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕەتکراونەتەوە و دوو کاندید لە هەردوو بازنەکە لە قۆناغی دووم بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی پێویست کێبڕکێ دەکەن.

بەپێی دەستووری بنەڕەتی ئێران و یاسای هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە، کاتێک لە بازنەیەکی دەنگدان، کاندیدەکان ڕێژەی پێویست واتە ٢٠٪ی دەنگەکانی ئەو بازنەیە بەدەست نەهێنن، هەڵبژاردن لەو بازنەیە لە نێوان دوو کەس کە زیاترین دەنگیان بە دەستهێناوە لە قۆناغی دووەم ئەنجام دەدرێت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئێران و پەسەندی ئەنجومەنی چاودێری، هەڵبژاردنەکانی قۆناغی دووەمی پەرلەمانی ئێران ئەمجارە ڕۆژی ١٧ی مانگی ٤ی ٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێت.

س.ح

Leave A Reply