سنوورەکانی ٦ وڵات بەڕووی ئێراندا داخران

دووشەممە, 24 فبر 2020 – 09:26  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

دوابەدوای گیانلەدەستدان و تووشبوونی دەیان کەس لە ئێران بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وڵاتە دراوسێیەکانی ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر و سنوورە زەمینی و ئاسمانییەکانیان بەڕووی ئێران داخستووە.

لەو چوارچێوەیەدا تورکیا کە سنوورە زەمینییەکانی لەگەڵ ئێران داخستبوو، شەوی ڕابردووش هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئێرانەوە بۆ تورکیا ڕاگرت.

وڵاتی ئەفغانستانیش ڕێوشوێنی پێویستی لە سنوورەکانی لەگەڵ ئێران گرتووەتەبەر و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە ئێران ڕایگەیاندووە پێدانی ڤیزای بە ئێرانییەکان بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرتووە.

وڵاتی جورجیا هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەی هەڵپەساردووە و ئەرمەنستانیش هاتنە ناوەوەی گەشتیارانی ئێرانیی بۆ وڵاتەکەی بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگرتووە.

پێشتریش عێراق و هەرێمی کوردستان سنوورەکانیان لەگەڵ ئێران داخستبوو و لە ئێستادا جموجوڵی گەشتیاری و پێدانی ڤیزا لە نێوان دوو وڵات ڕاگیراوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وڵاتی کوێت-یش هاتوچۆی گەشتیاریی لەگەڵ ئێران ڕاگرتووە، هەروەها پاکستانیش بڕیاریداوە سنوورەکانی لەگەڵ ئێران دابخات.

ک.س

Leave A Reply