یەكشەممە, 23 فبر 2020 – 14:52 ڕۆژنیوز – سلێمانی
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیی و کەسایەتیی، لە بارەگای یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کەیسی ئەو منداڵە هەشت ساڵانەی، کە لە هەولێر دەستدرێژیی کرایە سەر و هەڵوێستەکانیان یەک خست.
دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، کنێر عەبدوڵا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی ژنانی کوردستان یاداشتیی هاوبەشی کەسایەتیی و ڕێکخراوەکانی خوێندەوە، کە ئاڕاستەی هەریەک لە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی، دەستەی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتیی و ڕای گشتیی کرابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە کرابوو، جەختیش کرابووەوە، کە ئەوان لە چاودێرییکردن و فشار بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی یاسا جێبەجێ دەکرێت و دەستدرێژییکاران سزای خۆیان وەردەگرن.
هەر لەو کۆنگرەیەدا، سۆما یاسین، پارێزەر لە ڕێکخراوی یەکێتی ژنان قسەیکرد و ڕایگەیاند، کە گروپێک لە پارێزەری خۆپبەخش پێکدەهێندرێت، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی هەموو مافێکی یاسایی بۆ ئەو منداڵە و تا کۆتایی کەیسەکە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون لەناو داداگا.
ش.ف