یەكشەممە, 15 ديس 2019 – 08:17 ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار
سه‌ره‌ڕای بوونی جێگایه‌كی تایبه‌ت به فڕێدانی زبڵ و خۆڵ و پاشماوه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌كان له سنوری شاره‌دێی ڕزگاریی سه‌ربە شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ماوه‌یه‌كه له‌چه‌ند جێگایه‌كی جیاجیای ئەو سنورە، له‌لایه‌ن بەشێک لە هاوڵاتیان و خاوه‌ن كار و فرۆشیاران و بازرگانه‌كانه‌وه، شتومه‌ك و كاڵا به‌سه‌ر چووه‌كانیان فڕێده‌ده‌ن، بێ گوێدانه هیچ به‌رپرسیارێتییه‌ك پسپۆڕانی ژینگەش لەو بارەیەوە هۆشداریی دەدەن.
د.عه‌بدولموته‌لیب ڕه‌فعه‌ت، پسپۆرى بەڕێوەبردنى ژینگە و سەرچاوەكانى ئاو و مامۆستا له زانكۆی گه‌رمیان، لەسەر ئەو بابەتە بۆ ڕۆژنیوز، قسەیکرد و وتی: ڕۆژانە كەرەستەیەكى زۆر لەماددە خۆراكییە بەسەرچووەكان، بەبێ هیچ ڕێگریەك فڕێ دەدرێنە شوێنە گشتیەكان، زەوییە كشتوكاڵیەكان، كەنارى ڕووبار و دەریاچەكان و شوێنى دیکە، ئەمەش وایكردووە، كە سیماى ئەو شوێنانە بە تەواوەتى تێكبچێت و سروشتیان لە دەست بدەن و ببنه هۆكارى پیسبوونى بینین (Visual pollution)، هەروەها ئەو ماددە بەسەرچووانە مەترسییەكى زۆر گەورەیان هەیە لە سەر ژینگە.
وتیشی: ئه‌و مادده فڕێدراوانه، دەوڵەمەندن بە ماددەى خۆراكى و هەندێ ماددەى ژەهراوى، ئەمەش وادەكات، كە پێكهاتەى خاك لەو ناوچانە تێكبچێت و هەر ئەو ماددانە هەندێ جار لە دۆڵەكان فرێدەدرێن یا ئەو شوێنانەى كە ئاو تێیدا كۆدەبێتەوە و لەگەڵ ئاوى باراندا تێكەڵ بە ڕووبار و دەریاچەكان دەبن و دەبنە هۆى تێكچوونى كوالێتى ئاوى سەر زەوى، هەروەها ئەو ماددە بەسەرچووانە لە ڕێى خاكەوە دزە دەكەنە ژێر زەوى و تێكەڵ بە ئاوى ژێر زەوى دەبن و دەبنە هۆكارێك بۆ تێكچوونى كوالێتى ئاوى ژێر زەویی.
ئەو پسپۆره‌ی بواری ژینگه ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، مانەوەى ئەو ماددانە لە سەر خاك سەرچاوەیەكە بۆ دەرپەڕاندنى گازە ژەهراوییەكانی وەكو میسان، دووانا ئۆكسیدى كاربۆن، هایدرۆجین سەلفایت و هەندێ گازى دیکە، كە هۆكارێكن بۆ پیسبوونى هەوا و زیادبوون یا دەركەوتنى دیاردەى قەتیس بوونى گەرما و كاریگەریەكانى، هه‌روه‌ها هۆكارى سەرەكین بۆ تووشبوون بە نەخۆشیەكانى شێرپەنجەى كۆئەندامى هەناسەدان و كۆئەندامى هەرس.
مامۆستاكه‌ی زانكۆی گه‌رمیان، باسی له‌وه‌شكرد، حكومەت خۆى هۆكارێكە بۆ پیسبوونى ژینگە، و كەمتەرخەمیەكە زیاتر لە حكومەتدایە، چونكە تا ئێستا كارى نەكردووە بۆ دانانى كارگەكانى ڕیسایكلین بۆ هەموو جۆرە پاشماوە و پاشەڕۆكان لە شارەكانى كوردستاندا، بەمەبەستى پارێزگارێكردن لە تەندروستى هاوڵاتیان و پاراستنى سیما‌و جوانى سروشتى شارەكان، بۆیە بە پلە یەك كارى حكومەتە ڕێگرى لەم جۆرە پێشێلكارییانە بکات و ڕێگاى زانستى گونجاو دابنێت و بەدواداچوونى ورد بكات لەم پرسە، ئەگەر وانەكرێت، ئەوا بێگومان ژینگەى كوردستان بەرەو هەڵدێر دەچێت و تەندروستى هاوڵاتیان لە ژێر مەترسیدا دەبێت.
ک.س