دەوڵەتی تورک بۆچی سلێمانی کردووەتە ئامانج؟

ڕۆژنیوز – بۆتان گەرمیانی 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ساڵی ٢٠١١وە تا ئەمڕۆ، بە سەدان هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، لەو هێرشانەدا، هەشت کۆمەڵکوژی دڕاندانەی ئەنجامداوە، کە تییادا نزیکەی ٣٠ کەس شەهیدبوون و بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، کە بەشی زۆریان هاوڵاتی مەدەنی بوون.

کۆمەڵکوژی کورتەک
کۆمەڵکوژی کورتەک

چڕبوونەوەی مێژووی داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نزیک دەبێتەوە لە ١٠ ساڵ، لە کاتێکدا سنوری ئەم پارێزگایە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیاوە دورە، لە زۆربەی ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەش خەڵکی مەدەنی شەهید و بریندار و زەرەرمەندبوون و بەهۆی بەکارهێنانی چەکی وێرانکەر، ژینگە و ڕەز و باخی ناوچەکە وێرانبوون و لەناوچوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەم ساڵانەی دواییدا لە باشوری کوردستان، چ لە ڕێگای هێرش و پەلامارە داگیرکارییەکانی و چ لە وتاری بەرپرسە باڵاکانیاندا، پارێزگای سلێمانی و دەوروبەریان بەتایبەتی کردووەتە ئامانج، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە وتارێکدا ڕایگەیاند “سلێمانی لەژێر کاریگەریی پەکەکەدایە”.

دەستبەجێ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان- یەنەکە، وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند:” شاری سلێمانی تەنها لە ژێر کاریگەری کوردبووندایە، بۆیە پێی دەڵێن شاری هەڵمەت و قوربانی”

هەروەها هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە لە “بەیاننامەیەکدا، سەبارەت بە ئامانجکردنی شاری سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ڕایانگەیاند: سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی کە لە سەرەتاوە تا ئێستا بەردەوام شوێنی وڵاتپارێزان و ڕووناکبیران بووە و یەکێکە لە شارە سەرەکیەکانی کوردایەتی و هەمیشە تامەزرۆی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بووە و هەمیشەش خۆی نۆژەن دەکاتەوە، بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە دیاریکراوی هێرش دەکاتە سەر ڕابردوو و ئیستا و داهاتووی ئەو شارە”.

هەروەها کەجەکە ئەوەشی ڕاگەیاند: دەوڵەتی تورک چیدەکات با بیکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت کوردان بدات بە گژی یەکدیدا و خەڵکی سلێمانی و گەلی کورد بەرەنگاری ئامانج و پیلانە داگیرکارییەکانیان دەبنەوە و ڕیسەکەی دەوڵەتی تورک و چاوشئۆغڵو دەکەنەوە بەخوری.

چەند نموونەیەک لە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە سنوری پارێزگای سلێمانی

نۆ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢١/٨/٢٠١١دا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل، کە دەکەوێتە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتی مەدەنییان کرد و بەو هۆیەوە حەوت ئەندامی یەک خێزان شەهیدبوون، کە منداڵی ساوایان لەناودابوو، پێش ئەویش گوندی کەندەکوریان بۆردوومان کردبوو بەهۆیەوە چەند کەسێکی مەدەنی شەهید و برینداربووبوون.

هەشت ساڵ دوای ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانە و لە هەمان جێگا ئێوارەی ڕۆژی ٢٧/٦/٢٠١٩ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەر لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل ئۆتۆمبێلێکی دیکەی هاوڵاتییانی مەدەنییان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ٣ هاوڵاتی شەهیدبوون و پێنج هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

کۆمەڵکوژی کورتەک

هەموو شەهید و بریندارەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە ئەندامی یەک خێزان بوون و لە ناویاندا منداڵی بچووک و ژنی تیابوو، کە خەڵکی شارەدێی چوارقوڕنەی سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین بوون.

تەنها لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٧دا، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە هاوکاری ڕژێمی ئێران، سێ‌ جار بە چڕی چیای ئاسۆس-ی سەربە شارۆچکەی ماوەت-یان لە پارێزگای سلێمانی، بۆردوومانكردووە، ئەویش لە ڕۆژانی ٣ و ١١ و ٢٧ی مانگ، هەروەها لە مانگی ١٢ی هەمان ساڵدا، دوو جار بۆردوومانی چیای ئاسۆسیان کردووە لە ڕۆژانی ٢ و ٤ی مانگدا.

لە ٢٧ی ١١ی ساڵی ٢٠١٧ کاتژمێر ٠٨:٣٠ی شەو نزیکەی ١٠ فڕۆکەی جەنگیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشیان کردە سەر ناوچەی ئاسۆسی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، لە سنوری شارۆچکەی ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی و بە چڕی دەستیان بە بۆردوومان کرد، لەو هێرشەدا دە خاڵی سەرەکی ئەو چیایە بە سەختی بۆردوومان کرا و لەو هێرشەدا تیمێکی گەریلاکانی  یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە کە بەشێوەی گەرۆک لە ناوچەکەدا بوون شەهید بوون، کە ناسنامەکانیان بەم شێوەیە بوو (موحسن سەید ئیبراهیم، ناسراو بە ژیروان مەهاباد، ئەحمەد حەبەش، ناسراو بە دەلیل رەشید، سالار سۆفی، ناسراو بە سەربەست دڵنیا).

هەروەها لە چیای ئاسۆس خەڵكی گوندی گەڵاڵە ڕەز و باخیان هەیە، هەنگ بەخێو دەكەن، مەڕداری دەكەن، بەهۆی ئەو هێرشەوە زیانی زۆریان پێگەشت، هەروەها چەكی وێرانكەر لە بۆردومانەكاندا بەكارهاتبوو، بێجگە لەوەی ترس و دڵەڕاوكێی زۆری بڵاوکردەوە لە سنورەكەدا.

هەروەها لە ٥ی مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٩دا، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆ، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر بناری قەندیل لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و دوو هەڤاڵی بەناوەکانی دەڤران و شاهین-یان کردە ئامانج و شەهیدبوون.

لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی ملهوڕانە لە ناوجەرگەی باشوری کوردستان و لەسەر شاخی گۆیژە-ی سلێمانی دوو ئەندامی کەجەکەی بەناوەکانی دەمهات عەگید (سەییدخان ئایاز) و جەمیل ئەحمەد (ئەسەر ئرماک) لەناو خەڵکی مەدەنییدا کردە ئامانج و کۆمەڵکوژیان کردن، کە دواتر کەجەکە ڕایگەیاند دەمهات عەگید بۆ خەباتی یەکێتی نەتەوەیی و لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوا ڕووی لە سلێمانیی کردووە، هاوکات جەمیل ئەحمەدیش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیی چووەتە سلێمانی.

شەوی ٢٦ی مانگی ٥ی ئەمساڵ، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ناوەندی گوندی سەفرە-یان کرد، کە دەکەوێتە سنوری شارۆچکەی ماوەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامدا دوو گەریلای یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەرەکە شەهیدبوون بە ناوەکانی (ڕێباز سنە و زنار باشور) لەگەڵ سێ وڵاتپارێزدا، هەروەها نەخۆشخانەی گوندەکە خاپوور بووە و زیان بە ماڵەکانی گوندەکەش کەوتووە، هەروەها بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای گوندنشینانی سنوورەکە.

لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند:” بە بێ هەبوونی دەستی خیانەت، دووژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی و کارەساتی لەو چەشنە ڕووبدات”.

هەروەها ٢٥ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی سەیرانگای کونەماسییان کرد لە ناوچەی شارباژێڕ، کە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سلێمانییەوە دورە و ناوچەیەکی گەشتیارییە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا کۆمەڵکوژییەک پێکهات و تییادا، هەشت هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، دوو لە بریندارەکان منداڵن و تەمەنیان لە نێوان ٢-٣ ساڵاندایە، دوو برینداریشیان ژنن و چوار بریندارەکەی دیکەش پیاون، هەروەها گەریلایەکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک شەهیدبوو لەگەڵ برینداربوونی دوو گەریلای دیکە.

دەربارەی ئەو کۆمەڵکوژییە دڕاندانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: “لە سەیرانگای کونەماسی سەر بە هەرێمی شارباژێر، گرووپێک له‌ هەڤاڵانمان لە کاتی گەڕانەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەبنە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، لە ئەنجامی ئه‌و هێرشه‌دا کۆمەڵێک هاوڵاتی باشوری کوردستان کە بۆ سەیران لەو شوێنە بوون، دەبنە ئامانج و هەروەها زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر به ماڵ و سامانی خەڵک گه‌یشتووه”.

بەگوێرەی دەستوری عێراقی و یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقی پێشێلکردووە و بەزاندوویەتی، هەروەها بە گوێرەی پێوان و مافەکانی مرۆڤ دەوڵەتی تورک تاوانبارە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و ئەنجامدانی هێرشی داگیرکاریی، بەڵام هەتا ئێستا هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و عێراق خاوەنی هەڵوێستێکی جدی و کرداری نەبوون لەبەرامبەریاندا.

سەرباری ئەمانەش بەشێک لە میدیاکانی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە بە ڕاکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە، ڕەوایەتییان داوە بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بوونەتە هاوکاریان، جگە لەوەی کە دەوڵەتی تورک هیچ کاتێک ئەوەی نەشاردۆتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و هەردوو زۆنی زەرد و سەوزەوە لە ڕووی سیخوڕیی و چاوپۆشیکردن لێیان و لە ڕووی داخوازییەکانی خۆیانەوە هاوکارییەکی باشکراون.

ک.س

Comments are closed.