وارشین ئێزدخان: لە ڕەقە تۆڵەی ژنانی ئێزدی دەکەینەوە

چوؤرشەممە, 19 يول 2017 – 08:49 

ڕۆژنیوز – ڕۆدا ڕۆژبین

وارشین ئێزدخان، کە شەڕڤانێکی یەژەشەیە و قەناسی بەدەستەوەیە، دەڵێت: سەرەڕای کەموکورتییەکان وزەیەکی زۆرم تێدایە بۆ تۆڵەکردنەوە لە چەتەکان.

چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژیان پێکهێنا، ژنان باجی هەرە گەورەی ئەو فەرمانەشیان دا، لەو فەرمانەدا نزیکەی شەش هەزار ژنی ئێزدی بەدیلگیران و وەکو غەنیمەتی شەڕ لە بازاڕەکاندا فرۆشتران.

ژنانی شەنگال بۆ سەندنەوەی تۆڵەی ژنانی ڕفێندراوی ئێزدی، یەکینەی ژنانی شەنگالیان دامەزاراندو ئێستاش دەستەیەکیان لە ڕەقە بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو ژنانە شەڕ دەکەن، وارشین ئێزدخان یەکێکە لەو ژنانە و لەم بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەو کاتەی چەتەکانی داعش هێرشیانکردە سەر خەڵکی ئێزدی، تەمەنی وارشین ئێزدخان تەنیا ١٦ ساڵ بوو، ئێستاش دەڵێت، کە بۆ ئەوەی تۆڵەی ژنان و کچانی ئێزدی بکاتەوە هاتووە بۆ ڕەقە.

ئێستا تەمەنی ١٩ ساڵە و پاش ئەوەی پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و سەربازی بینیوە توانیویەتی ببێتە قەناس بە دەست، وارشین ئێزدخان ئێستا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی ڕەقەیە و بە قەناسەکەیەوە دەجەنگێت.

ئەو کچە شەڕڤانە دەڵێت:”لە ڕاستیدا من پەروەردەی پرۆفیشناڵم نەبینیوە، تەنانەت چەکەکەشم پرۆفیشناڵ نییە، بەڵام هێز و وزەیەکی زۆرم تێدایە بۆ تۆڵەکردنەوە لە چەتەکان”.

س.ح

Leave A Reply