د. كامه‌ران مه‌نتك
زیاتر له ٢٠٠٠ ساڵه زمانی كوردی، به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆڵی داگیركارییانه‌ی كوردستانی گرتوەته‌وه، رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه و له‌ناوچوون بۆته‌وه، ئه‌و هێرشانه توانیان كه‌لتوور و شارستانیه‌تی كوردی، له ره‌گ و ریشه‌وه هه‌ڵكه‌نن و شوێنه‌واری نه‌هێڵن، به‌ڵام نه‌یانتوانی زمانی كوردی له‌ناوبه‌رن.
یه‌كیك له هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی زمانی كوردی، ئیراده‌ی مانه‌وه بووه لای نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئه‌وانه‌ی زمانی كوردیان پاراست خه‌ڵكی ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تمه‌دار و پیاوانی ئاینیی نه‌بوون، به‌ڵكو خه‌ڵكه ساده و ره‌شۆكیه‌كه بوو، كه نه‌ك هه‌ر ده‌ستیان به‌و زمانه گرت، بگره به هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێزیان گرت و پاراستیان، له‌كاتێكدا خوێنده‌واره‌كانی كورد شانازییان به‌زمانی فارسی و عه‌ره‌بی و توركی ده‌كرد، خه‌ڵكه ساده‌كه زمانی كوردی‌یان به‌پاراوی ده‌هێشته‌وه، وشه‌كانی بێگانه خه‌ڵكی سادە و گوندنشین نه‌یانهێنایه ناو زمانی كوردی، ئه‌وانه هێنایان، كه خۆیان به‌خوێنده‌وار و بازرگان و سیاسه‌تمه‌دار ده‌زانی، ته‌نانه‌ت ئه‌و وشانه‌ش، كه له‌ناو زمانه بێگانه‌كانه‌وه ده‌هێنرانه ناو زمانی كورد، ده‌ستكاری ده‌كراو مۆركێكی كوردانه‌ی پیده‌به‌خشرا، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بووه به‌شێك له‌زمانی كوردی و به‌ئاسته‌م بنه‌چه‌كه‌ی ده‌ناسرایه‌وه.
له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا، زمانی كوردی وه‌ك قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی كورد له‌باشووری كوردستان سووكایه‌تی پێنه‌كراوه و نه‌شیوێنراوه، به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می به‌عس، كه خه‌ڵك له‌سه‌ر زمانی كوردی گیانی خۆی ده‌كرده قوربانی، له‌و قۆناغه‌دا زمانی كوردی ریسوا كرا‌و زمانه‌كانی بێگانه هێنرایه پێشه‌وه، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری كه‌ناڵه كوردیه‌كان خۆیان وا به‌پێشكه‌وتوو و رۆشنبیر دێته به‌رچاو كاتێك وشه‌یه‌كی بێگانه، یاخود رسته‌یه‌كی زمانێكی بێگانه به‌كارده‌هێنن، شاره‌كان پڕبوون له‌نووسراوی سه‌ر فرۆشگا‌كان به‌زمانی بێگانه، منداڵه‌كان هه‌ر به‌ساواییه‌وه نێردرانه قوتابخانه ئینگلیزی و عه‌ره‌بی و توركیه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك شانازی به‌وه ده‌كرێت، كه كوردیه‌كه‌ی منداڵه‌كانیان باش نیه!!!.
پێموانییە هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك هینده‌ی باشوور له‌و قۆناغه‌دا سووكایه‌تی به‌زمانی خۆی كردبێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات و باكووری كوردستان، كه سه‌رباری ئه‌و فشاره زۆره‌ی خراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ده‌درێت، بایه‌خێكی ئێجگار زۆر به زمانی كوردی ده‌درێت و به‌دڵسۆزیه‌وه ده‌ستیپێوه‌گیراوه و ده‌پارێزرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له باكووری كوردستان له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو به‌رامبه‌ر كورد و زمانی كوردی كراوه له باشوور روویبدابوایه، بێگومان ئێستا شتێك نه‌ده‌ما به‌ناوی زمانی كوردی، جێگای داخه له‌ماوه‌ی سی ساڵی ده‌سه‌ڵاتی به‌ناو كوردی هه‌رێمی كوردستان بۆته گۆڕستانێكی گه‌وره‌ی زمان و كه‌لتوور و به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و مرۆییه‌كانی كوردی. چونكه ئێستا له‌باشووری كوردستان بێبه‌هاترین زمان زمانی كوردیه، ته‌نانه‌ت پێگه ئه‌كادیمیه‌كانیش، كه ئه‌ركیان پاراستن و پێشخستنی زمانی كوردیه، به‌چاوێكی سووك سه‌یری زمانی كوردی ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌ناو ئه‌كادیمیستانه‌ی دوو دێری عه‌ره‌بی نازانن به‌راستی بخوێننه‌وه توێژینه‌وه‌كانیان به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌نووسن، سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌گه‌ر به‌زمانی كوردیشت نووسیبێت هه‌ندێكجار پێت وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی یاخود زمانێكی تری بێگانه، ئه‌مه له‌گه‌ڵ خۆم روویداوه، كاتێك داوای به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیم كرد بۆ پله‌ی پڕۆفیسۆری هه‌موو ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی به‌زمانی كوردی نووسیبووم پێیان وه‌رگێڕامه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، دوو بژارده‌یان خسته به‌رده‌مم یا ده‌بێت وه‌ریانگێڕمه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی یاخود ئینگلیزی!. به‌راستی ئه‌كادیمیاكانی كوردستان له‌هه‌موو كایه‌كانی تر زیاتر زمانی كوردیان تێكداوه و سووكیان كردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌كادیمیای كوردی، كه ئه‌ركی سه‌ره‌كی خزمه‌تكردنی زمان و رۆشنبیری كوردیه، ئه‌و كتێبانه‌ی به‌زمانی عه‌ره‌بی چاپیكردوون و چاپیان ده‌كات زۆر زیاتره له‌وانه‌ی به‌زمانی كوردی بڵاوده‌كرێنه‌وه.
كه‌واته له‌رۆژی زمانی كوردیدا ده‌بێت وه‌ك زۆربه‌ی كایه‌كانی تری كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌بێت هه‌ناسه‌یه‌كی سارد هه‌ڵبكێشین و خۆزگه به‌و رۆژانه بخوازین، كه له‌پێناو پاراستنی كوردبوونماندا شه‌ڕمان بۆ پاراستنی زمانی كوردی ده‌كرد، تاكه ئومێدمان بۆ پاراستنی زمانی كوردی له‌و رۆژه ئه‌نگوسته چاوه‌دا، ته‌نیا خه‌ڵكه هه‌ژار و نه‌خوێنده‌وار و جووتیار و گوندنشینه ساده‌كانی كوردستانه، بۆیه له‌م رۆژه‌دا پیرۆزبایی له‌وانه ده‌كه‌م و پێیان ده‌ڵێم ئێوه هه‌رچۆنێك بژین، كۆڵه‌كه‌ی مانه‌وه و زمان و كه‌لتووری كوردین، هه‌موو رۆژه‌كانتان پیرۆز بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو رۆژه‌كان لای ئێوه رۆژی زمانی كوردیه.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچوونی نووسەر خۆیەتی
ش.ف
Comments are closed.