قەڵادزێ، بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستان مەراسیمێک بەڕێوەچوو

یەكشەممە, 16 أبر 2017 – 19:09 

ڕۆژنیوز – عەلی قادر

لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان مەراسیمێک بەڕێوەچوو، کە تێیدا خەڵات بەسەر ٢٠ کەسایەتیدا دابەشکرا.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی هۆشیاری ژینگەپارێزی قەڵادزێ، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بە چەند ساتێک وەستان بۆ گیانی شیەهیدان دەستی پێکرد، هەر لە سیمینارەکەدا خەڵات بەسەر ٢٠ کەسایەتی و فەرمانگە و ڕێکخراوی دەڤەرەکە کە خزمەتیان بە ژینگە ی ئەو سنورە کردووە، دابەشکرا و دواتر سینەفزیۆنێک لەسەر کارو چالاکیە ژینگەییە کانی ئەو ڕێکخراوە پەخشکرا.

هەرێم حەسەن ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی ژینگەپارێزی قەڵادزێ باسی لە کار و چالاکیەکانی ڕێکخراوەکەیان کرد وتی:”بۆ بەرهەمهێنانی تاکێکی ژینگەپارێز ناوەندەکانی پەروەردەمان بە ئەساس گرتووە و لە خوێندگا بنەڕەتیەکان و باخچەی ساوایان هۆشیاری بە خوێندکاران دەدەین، ئەمەش لە ڕێگەی چەندین کۆڕ و سیمینار کە لە خوێندنگاکاندا ئەنجاممانداوە”.

وتیشی :” جێگەی خۆشحاڵییە کە لە چالاکیەکانماندا سەرجەم چین و توێژەکان بەشداریان کردووە کە ئەمەش سەلمێنەری دڵسۆزی کۆمەڵگایە لە بەرامبەر ژینگەی دەڤەرەکەمان”.

ئاگا مەحمود نوێنەری کۆمپانیای گارێکس کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە وتارێکی پێشکەش کرد و وتی :”بەداخەوە کە تاکی کورد بەرامبەر بە پاک و خاوێنی ژینگە ناهۆشیارە زۆربەی کات نەک هەرهاوکاریمان ناکەن بەڵکو ڕێگریمان لێدەکەن”.

وتیشی:” لێرەوە بەڵێن دەدەین کە زیاتر خزمەتی ژینگە و پاک ڕاگرتنی ژینگە بە هاوڵاتیان بکەین و پشتیوانی هەر ڕێکخراوێکیش دەکەین کە کار بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە بکات”.

هەروەها حەمە شوان بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین وتی :” سەرپێچی و دەستدرێژی زۆر بۆسەر ژینگە هەیە بەڵام بەهۆی کەمی کارمەندی پۆلیس ناتوانین وەک پێویست بەدواداچون و سزای سەرپێچیکاران بدەین”.

حەمەشوان داوای لە هاوڵاتیان کرد کە زیاتر چاوکراوە بن و لە ئەگەری هەر دەستدرێژیەک بۆسەر ژینگە و بڕینەوەی دار لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.

هەروەها هێمن ئیبراهیم سەرۆک شارەوانی ‌قەڵادزێ وتارێکی پێشکەش کرد و وتی :”لە ئێستادا ڕێژەی سەوزایی لە قەڵادزێ ڕێژەی سەدا ٧ لە هەوڵداین بۆ بەرزترکردنەوەی ئەم ڕێژەیە، ئەگەر حکومەت بودجەمان بۆدابین بکات دەتوانین ڕێژەی سەوزایی بگەیەنینە ڕێژەی ستاندار کە لەسەدا ٢٥ بەپێ ماستەر پلانی قەڵادزێ”.

دەربارەی پەیوەندی شارەوانی و ڕێکخراوی هۆشیاری ژینگە هێمن ئیبراهیم وتی :”بەخۆشحاڵیەوە پەیوەندی ئێمە و ئەو ڕێکخراوە زۆر باشە،وە ئەم ڕێکخراوە ڕۆڵێکی باشی هە بووە لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و بەتایبەت ناوەندەکانی پەروەردە”.

ک.ک

Leave A Reply