فیستیڤاڵی گوڵ لەهەڵەبجە بەڕێوەچوو .. بەوێنە

دووشەممە, 17 أبر 2017 – 13:38 

ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

باخچەی منداڵانی باخی میر، بەهاوكاری مەشتەلی دەروازە و ساڤیا، بەبۆنەی ڕۆژی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، فیستیڤاڵی گوڵیان کردەوە، سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەكەش دەڵێت:ئامانجمان بەخشینی هۆشیاری و ئاوێتەكردنی هاوڵاتیانە لەگەڵ سروشتی جوانی گوڵەكان بۆ زیاتر ڕازاندنەوەی ژینگەكەیان.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەژێر دروشمی (وەرن با گوڵ بنێژین، گوڵانە بژین) باخچەی منداڵانی باخی میر بەهاوكاری هەر دو مەشتەلی دەروازە و ساڤیا لەبینای باخچەكەیان فیستیڤاڵی گوڵیان ساز کرد.

شەهلا تاهیر، سەرپەرشتیای فیستیڤاڵەكە ئەوەی بە ڕۆژنیوز ڕاگەیاند:”بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی كوردستانەوە بەباشمان زانی فیستیڤاڵی گوڵ لەباخچەكەمان بكەینەوە و لەم ڕێگەیەوە گوڵ ببەخشینەوە، بەو پێیەی كە سروشتی هەڵەبجە و هەورامان پڕە لە سەوزایی و خاوەنی چەندین گوڵی جوان و جۆراوجۆرە، بۆیە دەمانەوێت هاوڵاتیان و سروشتی جوانی گوڵەكان ئاوێتە بكەین”.

شەهلا، وتیشی:”هۆكاری زیاتریش بۆ كردنەوەی فیستیڤاڵەكە لەباخچەكەمان بۆ زیاتر ئاشنا كردنی منداڵانی باخچەكەمانە بە سروشت و گوڵەكان و جوانتر كردنی ژیان بەلایانەوە بۆ ئەوەی هەمیشە بەخۆشی بژین و سود لە هەوای پاكی سروشت وەربگرن كە ئەوەش پەیوەستە بە زیاتر سەوزكردنی ژینگە و ماڵەكانە”.

شەهلا، ئاماژەی بەوەشدا:”ئەم فیستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هاوڵاتیان سەردانمان دەكەن و لەگەڵ بینینی گوڵە جۆراوجۆرەكان و داخوازیان لەسەری دەتوانن بیكڕن و بیبەنەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر لە سەوزكردنی ژینگەكەیان بنێن”.​

د.خ

Leave A Reply