هەڵمەتێكی نەمام چاندن لەهەڵەبجە بەڕێوەچوو.. بەوێنە

هەینی, 10 مار 2017 – 16:32 

ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

بەمەبەستی سەوزكردن و پارێزگاریكردن لەژینگەی هەڵەبجە ڕێكخراوی ماكۆس بەهاوكاری سەرۆكایەتی شارەوانی و چەند گەنجێكی خۆبەخش هەڵمەتێكی نەمام چاندنیان ئەنجام دا، سەرۆكی ڕێكخراوەكەش دەڵێت، کەبایەخدان بەژینگەی شارەكان ئەركی سەرشانی هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایەیە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەئامادەبونی ژمارەیەكی زۆر لەگەنجی خۆبەخشی هەڵەبجە، ڕێكخراوی ماكۆس بەهاوكاری سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە لەهەڵمەتیكی نەمام چاندندا 200 نەمامیان لە دەروازەی شارەكە چاند بۆ زیاتر سەوزكردن و پارێزگاریكردن لەژینگەی هەڵەبجە.

ماكۆس كەریم، بەرپرسی ڕێكخراوی ماكۆس ئەوەی بە ڕۆژنیوز ڕاگەیاند:”بەئامانجی زیاتر خزمەتكردن بەپارێزگای هەڵەبجە كە قوربانی دەستی چەكی كیمیایی بوە و ژینگەكەی بەو چەكە پیس بوە، بەهاوكاری سەرۆكایەتی شارەوانی و كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخشی شارەكە هەڵمەتێكی نەمام چاندنمان ئەنجامدا بۆ دەروازەی شارەكە كە بر بریتییە لە ناشتنی 200 نەمام”.

ماكۆس كەریم، وتیشی:”پاراستنی ژینگە و سەوزكردنی ئەركی سەرشانی هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایەیە، ئەوەشی كەئێمە ئەنجاممان دا تەنها ئەركی سەرشانی خۆمان بوو، بەباشمان زانی لەشاری هەڵەبجە ئەم چالاكییە ژینگەییە ئەنجام بدەین و داواش دەكەین دوای چاندنی نەمامەكان لایەنی پەیوەندیداری وەك شارەوانی و ڕێكخراوە ژینگەییەكان و خودی هاوڵاتیانی شارەكە پارێزگاری لەم نەمامانە بكەن و لە شكان و وشكبوون بیان پارێزێت”.

یەكێك لە بەشداربووەكانی ئەم نەمام چاندنە بەناوی شێوە موعتەسەم، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”وەكو گەنجێكی هەڵەبجەیی پاش ئەوەی ئاگاداری ئەم چالاكییە بووم خۆبەخشانە بەشداری هەڵمەتەكەم كرد بۆ ئەوەی خزمەتێك بكەم بەژینگەی شارەكەم و بەشدار بم لەچاندنی چەند نەمامێك كە بۆ پاراستن و سەوز بونی سروشتی شارەكەمە، ئەمەش وەك ئەركێكی سەرشانی خۆمی دەزانم و ئاواتەخوازم ئەمجۆرە پڕۆژانەش بەردەوام بن بۆ ئەوەی ژینگەی شارەكەم زیاتر سەوزتر ببێت و سیمای هەڵەبجەش جوانتر بێت”.

سارا سەلام، بەشداربوی چالاكییەكە وەك نوێنەری ڕێكخراوی نوێ‌ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەكانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز وتی:”وەك ئەركێكی ڕێكخراوەیی خۆمان بەباشمان زانی بەشداری ئەم چالاكییە بكەین كە بۆ چاندنی نەمام لە دەروازەی شاری هەڵەبجەیە، ئەوەش بۆ پارێزگاری كردن لەژینگە و سەوزكردنی شارەكە دەبێت و هەڵەبجەش بەپێی ئەوەی كە لەساڵی 1988 كیمیاباران كراوە و ژینگەكەی بەچەكی كیمیایی پیس بووە، پێویستە هەوڵی زیاتر سەوزكردنی تەواوی شارەكە و دەوروبەری بدرێت بۆ ئەوەی ئاسەواری ئەو چەكە كەم بكرێتەوە و نەهێڵدرێت”.

سارا سەلام وتیشی:”هەرچەندە ئەم جۆرە چالاكیانە گرنگە و بەزۆریش ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێویستە لەدوای چاندنی نەمامەكان هەوڵی پارێزگاری كردنیان بدرێت هەم لەلایەنی پەیوەندیدار و هەم خودی هاوڵاتیان كە بەپێدانی هۆشیاری پێیان ڕێگری بكەن لە لەناوچون و شكاندنەوە و وشكبوونی ئەو نەمامانە”.

رێكخراوی ماكۆس بۆ پەروەردە و ڕاهێنان لە مانگی 11ی 2016 دامەزراوە و ئۆفیسی سەرەكی لەشاری هەولێرە و ئامانجی پەروەردە و ڕاهێنانی گەنجانە لەبوارەكانی پەروەردە.

د.خ

Leave A Reply