وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان لەبەرامبەر بە فڕێدانی زبڵ ڕەتدەکرێتەوە

چوؤرشەممە, 18 ينا 2017 – 10:04 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت وەرگرتنی بڕێک پارە لە هاوڵاتیان لە بەرامبەر بە فڕێدانی زبڵ و خاشاک، نیگەرانی ژمارەیەک ڕێکخراو و کەسایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و داواش لە لیژنەی ژینگەی و تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن کە پاڵپشتی ئەو بڕیارە نەکەن.

ئەمڕۆ ژمارەیەک لە ڕێکخراوە ژینگەیی و تەندروستیەکان و کەسایەتیەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا بڕیاری وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان لەبەرامبەر بە فڕێدانی زبڵ و خاشاک ڕەتدەکەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، هاتووە:”هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختدا تێدەپەڕێت، کە بۆتە گرفت بۆ هەموو سێکتەرەکانی ژیان، ژینگەش بێ بەش نیە لەم زیانانە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەزاران تەن زبڵ و خاشاکی ڕۆژانەی هاوڵاتیان کۆدەکاتەوە نەیتوانیوە سودی ئابووریان لێوەربگرێت”.

هەر لە راگەیندراوەکەدا هاتووە:” سەرەتا حکومەت هەڵسا بە دروستکردنی سندوقی ژینگەیی بە مەبەستی وەرگرتنی پارە لە پێناو خزمەتکردن بە ژینگەی کوردستان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا یەک دیناریش لەم پارەیەی ناو ئەو سندوقە لە پێناو خزمەتکردنی ژینگەدا خەرج نەکراوە”.

هەروەها هاتووە:” ئەم جارە حکومەتی هەرێم وەزارەتی شارەوانی ڕاسپاردووە، کە ‌هەڵسێت بەوەرگرتنی پارە لە ماڵان و گەڕەکەکان لە بەرامبەر بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، کە ئێستا هەموو لایەک دەزانن قەیرانی داراییە و بژێوی خەڵک لەبارنییە بۆ پێدانی پارە بەرامبەر بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک”.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، کە لە زۆربەی وڵاتان زبڵ و پاشماوە خۆی داهاتە بۆ حکومەت بە جۆرەها مەبەست سودی بۆ خەڵکە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گازە ژەهراوییەکەی دەبێتەهۆی نەخۆش کەوتنی هاوڵاتیان.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:”ئێمە وەکو بەشێک لە ڕێکخراوەکانی بواری ژینگە و چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی تر ئەم بڕیارە لەم کات و ساتەدا ڕەتدەکەینەوە و داوا لە لیژنەی ژینگە و تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و وەزیری ژینگە و دەستەی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین پاڵپشتی ئەم پرۆژەیە نەکەن لەم کات و ساتەدا، چونکە:

١-ئەم پارەیە لە خزمەتی ژینگە بەکارنایەت.

٢-لە زۆربەی شوێنە گشتی و نێو کۆڵانەکان بڵ و خاشاک زیاد دەبێت.

٣-پیسبوونی ژینگە زیاد دەبێت، دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی تاک، بۆیە:

١-ئەم پرۆژەیە لە کاتێکی گونجاو جێبەجێ بکرێت کە قەیرانی دارایی نەبێت.

٢-کارگەی ڕیسایکڵین هەبێت لە هەرێمی کوردستان.

٣-دابینکردنی سەلامەتی بۆ گشت هاوڵاتیان.

ش.ف

Leave A Reply