چوؤرشەممە, 1 فبر 2017 – 12:12
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێم ڕایگەیاند، لەکاتی بارینی بەفردا باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان ژیانیان سەختر دەبێت و داوا لە گوندنشینان و ژینگە دۆستان دەکات، کە بە پێدانی خواردن پێیان یارمەتی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بدەن و ژیانیان بپارێزن.
ئەمڕۆ، لوقمان شێروانی وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێم ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت پاراستنی باڵندە و ئاژەڵی کێوی لەکاتی بەفرباریندا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکەی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، ھاتووە:”بەھۆی ھاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران بارین بۆ ناوچەکانی کوردستان، وێڕای سودی زۆری بۆ ئاو و سروشت و ژینگەکەمان، بەڵام باڵندە و ئاژەڵە کیویەکان ژیانیان سەختر دەبێت و بەھۆی نەبوونی خۆراک ڕوو لە شوێنە ئاوەدانییەکان دەکەن”.
ھەروەھا، ھاتووە:”بۆیە داوا لە ھەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی گوندنیشنان و ژینگە دۆستان دەکەین ھاوکاربن لەپێدانی خۆراک و پاراستنیان لەو شوێنانەی ڕوو لە ناوچە ئاوەدانییەکان دەکەن، بۆئەوەی لە برسا نەمرن و ڕاونەکرێن و لە ناونەچن”.
ئەوەش هاتووە:”ھاریکاریتان لە پاراستنی سروشت و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان کە سەرچاوەیەکی نیشتمانین بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ژینگەی کوردستان مایەی رێزگرتن و سوپاس پێزانینی ھەموانە”.
لە ئێستادا باشوری کوردستان، لە کەرکوک، سلێمانی، ھەولێر و چەند شار و شارۆچکەیەکی تر بەفربار دەبارێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو شەپۆلێکی تری بەفربارین ڕووی لە ھەرێم کرد و لە ھەندێک شوێنیش نیو مەتر بەفر باریوە.
ش.ف