هۆشداری لە بڕینەوە و بازرگانیكردن بە درەختەكانەوە دەدرێت

چوؤرشەممە, 1 فبر 2017 – 16:04 

ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار

سەرۆكی ڕێكخراوێكی ژینگەیی هۆشداری لە مەترسی دیاردەی بڕینەوەی درەختەكان دەدات و ئاماژەش بەوە دەكات، بازرگانی كردنی بەدرەختی ناوچە شاخاوییەكانی باشوری كوردستان زەنگێكی مەترسیدارە.

بەهۆی نەبوونی نەوت و دابەشنەكردنی لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بڕینەوەی درختەكان لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردە و دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەكانی باشوری كوردستانیش جگە لە پێویستی خۆیان، دەوترێت بازرگانی بە درەختەكانەوە دەكەن.

سەروەر قەرەداغی سەرۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاردرا نەوت لە هەرێمی كوردستان دابەش نەكرێت، دابەشنەكردنی نەوتیش بووە بە هۆی ئەوەی خەڵكانێك بۆ خۆ گەرمكردنەوە پەنا بۆ بڕینی درەختەكان ببەن لەم وەرزی سەرما و زستانەدا، بە تایبەتیش ئەمە لە ناوچە شاخاوییەكانی باشوری كوردستان وەك (پێنجوێن – باڵەكایەتی و قەرەداغ) لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردە، ئەتوانین بڵێن كەسانێك هەن زیاتر لە پێویستی خۆیان درەختەكان دەبڕنەوە و بازرگانی پێوە دەكەن”.

سەروەر قەرەداغی وتیشی: بازرگانی كردن بە درەختی ناوچە شاخاوییەكانەوە زەنگێكی مەترسیدارە لەسەر ئەو ناوچانەی درەختی خوڕسكی لێیە، كە ماوەی سەدان ساڵی ویستوە تاوەكو ئەو درەختانە سەوزبن، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانەوە لە ناو ببرێن، هەڵبەت لێرەو لەوێ ڕەنگە كۆمەڵە هەوڵێك هەبێت بۆ ڕێگیریكردن لە بڕینەوەی درختەكان، بەڵام ئەو هەوڵانە نەیتوانیوە ڕێگری بكات لە دیاردەی بڕینەوەی درەختەكان، ئەو خەڵكانەی كە درەختەكان دەبڕنەوە ڕووبەڕووی سزاش نابنەوە، لە كاتێدا ئەم بازرگانیكردن و بڕینەوەی درختانە دژی یاسایی پاراستنی دارستان و یاسایی پاراستنی ژینگەشە كە لە هەرێمی كوردستان.

ناوبراو ئەوەشی وت: وەك ڕێكخراوی سروشتی كوردستان پەیامی خۆمان لەم دیاردە مەترسیە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوەو لێرەشەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین دەست بە دابەشكردنی نەوت بە سەر هاوڵاتیاندا بكات بۆ ڕێگریكردن لە بڕینەوەی درەختەكان.

س.ح

Leave A Reply