دارا حەسەن: بارانی ئەمساڵ پەڵەی داوە

دووشەممە, 19 ديس 2016 – 08:36 

ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بارانی ئەمساڵ پەڵەی داوەو لە شاری سلێمانیدا ١٦٨ملم- باران باریووە، بەڵام ساڵی پار لەم کاتەدا ٣٦٠ملم- بووە، ئاماژەش بەو مەترسیانە دەکات کە ڕووبەڕووی ژینگە دەبنەوە.

دارا حەسەن، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی لەبارەی کەشوهەوا و گۆڕانکاریەکان، بە ڕۆژنیوزی وت: خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم بارانی ئەمساڵ پەڵەی داوە، وە دڵخۆشکەرە بۆ جوتیاران و کێشەی کشتوکاڵ و ئاودێری کەمبویەوە بەهۆی کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانەوەبوو کە هاتبویە ناوچەکانمان و هەورەبروسکەی لەگەڵدابوو، بارینی بەفر لەسەر شاخەکان کە ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی و ئاوی سەرزەوی.

دارا حەسەن، وتیشی: کۆی گشتی ڕێژەی باران بارین لە شاری سلێمانیدا ١٦٨ملم- بووە، بەڵام ساڵی پار لەم کاتەدا ٣٦٠ملم- بووە، زۆر ساڵ تووشی کەم ئاوی دەبین، بەڵام کۆتایی وەرز قەرەبوی کراوەتەوە، هەربۆیە ئومێدم هەیە کە ئەمساڵ باران کەم باریوە لە کۆتایی وەرز باران زیاتر ببارێت.

ئاماژەی بەوەشدا: ڕێژەی باران بارین کەمتر بووە ئەمساڵ لە چاوی ساڵی ڕابردوودا، وە لە هاوینی ئەمساڵدا پلەکانی گەرما زۆر بەرزبووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەموو پرۆتۆکۆل و بەندەکانی تایبەت بە ژینگە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەربۆیە تابێت کێشە ژینگەییەکان زیاتر و زیاتر دەبێت.

سەبارەت بە هۆکاری پیس بوونی ژینگە و کەشوهەوا و چارەسەریەکان، دارا وتی: سەرچاوە ئاوییەکانمان پیس کردووە بە فڕێ دانی زبڵ بۆ ناوی، وە هەواشمان پیس کردووە بە دووکەڵ و گازە ژەهراویەکانی کارگەکان کە دەیخەنە هەواوە، کە لە سلێمانی ٣٨٠ و لە بەغدا ٤٩٠ و لە دهۆکیش ٢٠٠ کارگە هەن، وە زیادبونی ئوتومبێل و بەوهۆیەشەوە گازی O2 دەخرێتە هەواوە، چارەسەرکردنیشی تەنها بە ڕوپۆش سەوزکردن دەبێت و وەزارەتی ژینگەش چاودێربێت بەسەر ئەو کارگانەی کە تازە دادەمەزرێن تاوەکو فلتەر بۆ دوکەڵەکانیان دابنێن تا گازی ژەهراوی نەخەنە هەواو ئاو و خاکەوە.

سەبارەت بە پیس بوونی ئاوهەوا و ژینگە، دارا، وتی: دەرەنجامی ئەو هۆکارانەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی کشتوکاڵ و بەروبوومەکانی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەرباری دروستبوونی مرۆڤایەتی چەندەها نەخۆشی کوشندە بڵاوبێتەوە، وە ئاماژەی پێکراوە تا ساڵی ٢١٠٠ پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات و کێشە ژینگەییەکان زیاتر دەبێت و شاخە بەفرەکانی جەمسەرەکانی باکورو باشور دەتوێتەوە، وە بە توانەوەی شاخە بەفرەکانی جەمسەرەکان زۆر وڵات ژێر ئاو دەکەون.

دارا، وتیشی: ئەگەر مرۆڤ ڕەحم بە ژینگەی خۆی نەکات و ئەگەر حکومەت نەیەنەسەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە ژینگەییانە ئەوا پلەی گەرمی زیاد دەکات، ڕێژەی گازە ژەهراویەکان زیاد دەکات.

دارا حەسەن، مرۆڤ بە تاوانباری سەرەکی دەزانێت لە پیسبوونی ژینگە و ئاوهەوا و دەڵێت: ساڵانە و ڕۆژانە سەدان دار دەسوتێنرێت و سەدان دۆنم دەسوتێنرێت کەس لێپێچینەوەی لێناکات، وە غەراماتی ئوتومبێل نیە کە رۆژانە ئەو هەموو گازە ژەهراویە دەخرێتە هەواوە، هەمووشی لەلایەن مرۆڤەوە دەبێت.

لەبارەی هۆکاری هەبوونی وشکە هەوای ساردە لە شاری سلێمانی، ناوبراو، وتی: وشکە سەرما و ڕەشەبا و خۆڵ بارین شتێکی سروشتیە و لە ناوچەکانی سبریاوە بۆ تورکیا و لە تورکیاشەوە بۆ ناوچەکانمان دێت، کە لە هاویندا فێنک و خۆشە و لە زستانیشدا وشکە سەرمایە.

لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە، بەڕێوبەری کەشناسی سلێمانی داوای کرد لە هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پشکی شێری گۆڕانکاری کەشوهەوای بەرکەوتووە و بەدەم چارەسەریەکانەوە بێن و دەزگا ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بن لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان.

س.ح

Leave A Reply