بۆ پاراستنی ژینگە و شوێنەوای پشدەر هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە بەڕێوەدەبرێت

یەكشەممە, 8 ينا 2017 – 09:23 

ڕۆژنیوز – علی پشدەری

ڕێکخراوێکی ژینگەیی ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتێکیان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەستپێکردووە سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و شوێنەوارەکانی دەڤەری پشدەر.

لێپرسراوی ڕێکخراوی دینکە، دەڵێت، لە ساڵی ٢٠١٦ دا زیاتر لە ٥٤ ناوچەی شوێنەوار لەناو براون، بەڵام بەرپرسی شوێنەواری ئیدارەی ڕاپەڕین ئەو ئامارە ڕەتدەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت:” تەنها دوو بۆ سێ حاڵەت هەبووە”.

لە شارۆچکەی قەڵادزێ، ڕێکخراوی دینکە بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکانی پشدەر، لە ١٥-١٢-٢٠١٦ هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانی شارۆچکەی قەڵادزێ و ناحیە و گوندەکانی سەربە دەڤەری پشدەر-ی سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین دەستپێکردووەو بڕیارە تا ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، عەلی قادر لێپرسراوی ڕێکخراوەکەش بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی، ئامانجیان لەو هەڵمەتە شکستپێهێنانی ئەو هێرشە گەورەیە کە لەئێستادا دەکرێتە سەر ناوچە شوێنەوارییەکان.

وتیشی:” ئێمە دەمانەوێت لەو ڕێگایەوە بتوانین ئەوناوچانە بپارێزین کە تا ئێستا مانەتەوە و هێرش نەکراوەتە سەریان، کە بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٦ دا زیاتر لە ٥٤ ناوچەی شوێنەواری بە تەواوەتی لەناو براون، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردو تا ساڵی ٢٠١٥ تەنیا ٢٧ ناوچە ی شوێنەوار لەناوچوون”.

عەلی قادر، ئاماژەی بەوەشکرد:” هۆکاری زیادبوونی ئەم ڕێژەیەش دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو قەیرانە داراییە کە هەرێمەکەمانی گرتوەتەوە، لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتە هۆشیاریەش کە دەستمان پێیکردوە سەردانی شارەدێی ناحیەی هێرۆمان کرد و سەردانی ئەنجومەن و ئاسایشی ناوچەکەمان کرد، ئەوانیش بەڵێنی هاوکاریان پێداوین”.

ئەوەشی وت:” بەداخەوە حکومەتی هەرێم دەربارەی پاراستنی ئەم ناوچانە زۆر خەمساردانە مامەڵە دەکات، بۆیە داواکارم لەسەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم و دەڤەرەکەمان کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ناوچانە بکەن چونکە پاراستنی ئەم ناوچانە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینی و نیشتیمان پەروەریە”.

سارا هۆشیار کە یەکێکە لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە ڕۆژ نیوزی وت:” ئێمە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتەوە سەردانی چەندین ناوچەو گوندمان کردووە، قسەمان لەگەڵ هاوڵاتیان کردووەو پۆستەرمان لەشوێنە گشتیەکاندا هەڵواسیوەو هەوڵمان داوە تاک بەتاکی هاولاتیان هۆشیار بکەینەوە”.

سارا وتیشی:” داواش لە بەرپرسان و هاوڵاتیان و گەنجانی دەڤەرەکەمان دەکەم کە خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەپاراستنی سشوێنەوارەکان لەهەر ناوچەیەکی کوردستانبێت، چونکە پاراستنی ئەم ناوچانە ئەرکێکی نیشتیمانییە”.

هەرەوها یەکێکیتر لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەناوی هەلمەت موکریانی بۆ ڕۆژنیوز قسەیکردو وتی:” پێویستە لەهەموو بارودۆخێکدا ئێمە ئەوناوچانە بپارێزین، چونکە ئەم ناوچانە مێژووی ڕاستەقینەی گەلەکەمانن”.

وتیشی:” پێویستە هەرتاکێکی کورد مێژووی گەلەکەمان بزانێت، وە بوونی ئەم ناوچە شوێنەواریانەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن و پێناسەی گەلەکەمانن، بۆیە پاراستناین ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە”.

دەربارەی هێرشکردنە سەر ناوچە شوێنەوارییەکان و لە ناوچوونیان، بەرزان بایز بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئیدارەی ڕاپەڕین، قسەکانی بەرپرسی ڕێکخراوی دینکەی ڕەتکردەوەو بە ڕۆژنیوزی وت:” لە سنورە کەمان کەمترین دەستدرێژی بۆ سەر ناوچە شوێنەوارییەکان هەبووە، کە ژمارەیان دوو بۆ سێ ناوچەیەو ئێمە لەهەوڵداین بۆڕێگری کردن لەو ژمارەیەش”.

بەرزان بایز باسی لە گرنگی ڕێکخراوەکان و بەتایبەت ڕێکخراوی دینکە کرد، کە هاوکاریان دەکەن لەڕووی زیان نەگەیاندن بە شوێنەوارەکان و، وتی:” لە گەڵ تەواوی ڕێکخراوەکاندا پەیوەندی باشمان هەیەو هەماهەنگی تەواویشمان لەگەڵ دەزگا ئەمنی و لایەنەپەیوەندیدارەکاندا هەیە.

ڕێکخراوی دینکە بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکانی پشدەر، ڕێکخراوێکی ناحکومییە و ماوەی ساڵێکە دامەزراوە لەئێستاشدا ٣٠ ئەندامی هەیە، کە ٢٤ کچ و شەش ئەندامی کوڕە.

س.ح

Leave A Reply