حکومەتی هەرێم بەناوی چاکسازییەوە موچەی بەشێک ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال دەبڕێت

بڕینی مووچەی ژمارەیەک لە کەسوکاری ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال بەبیانووی چاکسازیکردن لە موچەدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ناڕەزایەتی لای ڕزگاربووانی ئەنفال لێکەوتۆتەوە دەڵێن: حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ خزمەتێکی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕزگاربووی شاڵاوی ئەنفال نەکراوە، بەڵکو موچەیەکی ٢٥٠هەزار دیناری لێمان بە ڕەوا نابینرێت ئەویش بڕدراوە.

ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لە پارێزگای هەڵەبجە و سنووری گەرمیان کەلار و کفری، زیاتر لە دە جار چوونەتە بەردەم وەزارەتی شەهیدان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، داوای سەرەکی ئەوان گەڕاندنەوەی  موچەکانیانە، هەفتەی ڕابردوو ماوەی دوو رۆژى لەسەر یەک لەبەردەم بیناى ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری هەولێر گردەبنەوە بۆ داواکردنی موچەکانیان، بەڵام وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرایەوە و هیچ بەرپرس و وەزیرێک بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچوون، لەکاتێکدا کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى بەرپرسانی حکومەت بە بەردەمیاندا دێن و دەچن.

بەشێک ڕزگاربووانی شاڵاوە ئەنفال دەڵێن: ئێمە لە مردن گەڕاینەتەوە، ڕۆژانە مردنی خۆمان بە چاوەکانمان ئەبینی، بەڵام حکومەت لەبری ئەوەی خزمەتمان بکرێت و مووچەکانمان زیاد بکرێت،کەچی موچەی ڕزگاربووانی شاڵاوەی ئەنفال بردراوە، لە کاتێکدا ژیانی و گوزەرانی کەسوکاری ئەمفالکراوان زۆرخراپە.

ئاسۆ حەسەن

ئاسۆ حەسەن خەڵکی شارۆچکەی کفرییە و یەکێکە لە ڕزگاربووی شاڵاوی ئەنفال، دە جار هاتۆتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شەهیدان و دەڵێت: حکومەتی هەرێم تاوەکو ئێستا هیچ خزمەتێکی ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفالی نەکردووە، گوزەران و بارو دۆخی ژینامان زۆر خراپە و خراپتریش دەبێت، بەجۆرێک ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال بە زیندویەتی مردوونە.

ئاماژەى بەوەشکرد: حکومەت لەبری ئەوەی خزمەتی ڕزگاربووانی شاڵاوەی ئەنفال بکات و ژیانێکی شیستەیان بۆ دابین بکات، کەچی بەبیانووی چاکسازیکردن مووچەکانمان بڕدراون، لە کاتێکدا تەنها یەک موچەمان هەیە، تاوەکو ئێستا حکومەت خانوو و پارچە زەوییەکی بە کەسوکاری شاڵاوی ئەنفال نەدراوە، داواکارە حکومەت موچەکانیان بۆ بگەرێنیتەوە.

لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی لە لیستی موچە و شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدان و فەرمانبەران حکومەتی هەرێمى کوردستان موچەی ٢٢٠ کەسی لە ڕزگاربووانى شاڵاوى ئەنفال بڕی و ڕایگەیاند، ئەو موچانەی بڕاون خاوەنەکانیان دوو موچەیان وەرگرتووە، بەڵام ڕزگاربووانی شاڵای ئەنفال ئەوەیان ڕەتکردۆتە کە دوو مووچەبن.

پێشتر وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتى هەرێم، لەنووسراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە یاسای چاكسازی ژمارە (2) ساڵی (2020) و پەیرەوی جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بڕیاردرا بە ڕاگرتنی مووچە و خانەنشینی ١٠ هەزارو ٦٠٩ مووچە خۆر كە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆماركراوەو كە ژمارەیان ٢١ هەزارو ٥٨٨ دۆسیەیە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن.

عبدڵا عبدولکەریم

عەبدوڵا عەبدولکەریم، یەکێکی دیکەیە لە ڕزگاربووانی شاڵاو ئەنفال لە زیندانی نوگرەسەلمان دەڵێت: ئێمە شەهیدمان هەیە، لەسەر مەرگ و  ئەنفالدا ڕزگارمانبووە، کەچی حکومەتی هەرێم  موچەیەکی ٢٥٠هەزارییم هەبوو ئەویشیان لێمان بڕیوە، حکومەت هیچ خزمەتێکی ئێمەی نەکردووە.

معتەسم جەعفەر ڕزگاربوویەکی شاڵاوی ئەنفالە و خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ شتێک و خزمەتێکی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراون و ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفالی نەکردووە، بەجۆرێک ئەو موچەی هەمانبووە بڕیویانە.

 

معتەسم جەعفەر

ئەو ڕزگاربووەى ئەنفال باس لەوە دەکات کە ئەوان یەک موچەیان هەیە کەچی حکومەت دەیەوێت چاکسازی لەموچەکەیاندا بکات، داواش دەکات ماف و شایستەکانیان هاوشێوەی حکومەتی عیراق لێبکرێت، هەروەها موچەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا خانوو و زەویان پێبدرێت.

هـ.ح

 

Comments are closed.