بەهۆی جەژنی نەورۆزەوە بازاڕی جل و بەرگی کوردی گەرمە

 قەڵادزێ

هاوڵاتیانی شارۆچکەى قەڵادزێ بە جۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ جەژنی نەورۆز ئامادە دەكەن و بۆ ئەو ڕۆژەش جلوبەرگی كوردی خواستی زۆری لەسەر دروست بووە، هاوکات بەرگردوورەکانیش باس لەوە دەکەن، فشارێکی زۆریان لەسەرە بە هۆی ئامادەکاری هاوڵاتیانەوە بۆ جەژنی نەورۆز.

جەژنی نەورۆز و مانگی ئازار بۆ گەلی کورد پڕن لە یادەوەری خۆش و ناخۆش، بەڵام هەموو ساڵێک گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستان بەبێ بیرکردنەوە لە ئازارەکان لە جەژنى نەورۆزدا پەیمانى بەرخۆدان و ژیانێکی ئازاد نوێدەکرێتەوە، هاوڵاتیانی کورد لە هەر جێگایەک بن بە کردنەوەى ئاگرو پۆشینی جل و بەرگی ئاڵاو واڵا پێداگیری لەسەر مانەوەى خۆیان دەکەن.

لە شارۆچکەى قەڵادزێ کە لە ئێستاو ڕابردووشدا لانکەى شۆڕش و بەرخۆدان و نەتەوەیی بووە، گرنگی زۆر بە نەورۆز دراوە، ئەمساڵیش لەگەڵ نزیکبوونەوەى نەورۆز، هاوڵاتیانى ئەو شارە بە کڕینی جل و بەرگری کوردی خۆیان ئامادە دەکەن، بەشێک لە هاوڵاتیانیش دەڵێن: جل و بەرگی کورد ڕەمزی گەلی کوردە.

حەسەن محەمەد
حەسەن محەمەد

حەسەن محەمەد کە هاوڵاتیەکی دانیشتوی شارۆچکەی قەڵادزێیە و سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنی نەورۆز وتی: هەموو گەل و نەتەوەیەک خاوەنی کۆمەڵێک کلتوری تایبەتی خۆیەتی، پۆشینی جلی کوردیش یەکێکە لەو ڕەمزانەی کە گەلی کوردی پێدەناسرێتەوە، هەر بۆیە لە بۆنەیەکی وەکو نەورۆزدا گەنجانیش ڕودەکەنە کڕینی جلی کوردی.

بە زۆری خەڵک لە نەورۆز و بۆنە ئاینیەکاندا جلی کوردی لەبەر دەکات، بەڵام زیاتر بۆ بۆنە نەتەوەیەکان لەبەر دەکرێت، چونکە ڕەمزێکی نەتەوەیە، من لە ١٥ ساڵیەوە جلی کوردی لەبەر دەکەم و حەزم لێیەتی، مانگێک بەر لە بۆنەکان من خۆم ئامادە ئەکە م و جلو بەرگی کوردی دەدوورم، ئێستاش کە چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ نەورۆز هاتوم جلی کوڕەکەم لە لای بەرگدور ببەمەوە. ئەبوبەکر عەبدوڵا وای وت.

ئەبوبەکر عەبدوڵا
ئەبوبەکر عەبدوڵا

عوسمان حاجی خدر کەچەند ساڵێکە کاری خەیاتی دەکات لە قەڵادزێ و سەبارەت بە گەرم و گوڕی هاوڵاتیان و ئامادەکاری جلی کوردی بۆ نەرۆز وتی: بەزۆری گەنجان جلی کوردی بەدورین دەدەن، بە گشتی هەموو بەرگ دورەکان قەرەباڵغی و فشارێکی زۆرمان لەسەر دروست بووە.

ئەو بەرگدورە باسی لەوەشکرد، کە ئەمساڵ خواست لەسەر دورینی جلی کوردی زیاترە، هەر لە مانگی یەک و دووەوە جلی کوردی بە دورین دراوە، بەڵام ساڵان وانەبوو بە هۆی قەیرانی دارای و دواکەوتنی موچەوە خەڵک کەمتر جلی کوردی دەدوری.

عوسمان حاجی خدر
عوسمان حاجی خدر

عوسمان حاجی خدر ڕوونیکردەوە، نرخی قوماشی جلی کوردی بە گوێرەی جۆر و کوالێتی قوماشەکە دەگۆڕێت، و هەرزانترین جۆری قوماش کە پیی دەڵێین سینی لە ٦٠ـ٦٥ هەزاردایە وە گرانترینیشیان کە بە جۆرەکەی دەڵێین ئیتاڵی یان ئینگلیزی ئەوە دەگاتە ١٢٥-١٣٠.

ساڵانە لە هەر چوار بەشی کوردستان و لە سەرجەم وڵاتانى جیهان گەلی کورد بە مەراسیم و چالاکی جۆراو جۆر جەژنی نەورۆز بەڕێ دەکات، یەکێک لە سیماکانى ئەو نەورۆزەش جل و بەرگی کوردییە، لەگەڵ نزیکبوونەوەى ئەو جەژنە نەتەوەییەش بازاڕی جل و بەرگی کوردیش گەرم و گوڕ دەبێت.

هـ.ح

 

 

Comments are closed.