دەوڵەتى تورک ١٠ بنکەى سەربازیى لە شیلادزێ جێگیر کردووە

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بەردەوامە لەجێگیركردن و زیادكردنی بارەگای سەربازیی لە ناو خاكی باشووری كوردستان و لەو چوارچێوەشدا شیلادزێی كردووەتە سەربازگە و ١٠ بنکەى سەربازیى تێدا جێگیر کردووە و بەهۆیەوە هەزاران خێزان ئاوارەی دهۆك بوون و دەیان گوندیش چۆڵكراون.

ڕۆژنامەى هاوڵاتى لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوى کردەوە، سوپاى تورکیا لەسەر خاكی باشووری كوردستان سەدان گوند و ناوچەیان داگیركردووە و لەهەندێك شارۆچکە، شارەدێ و گوندى سنوورى دهۆك هاتوچۆیان قەدەغەكردووە ، بەجۆرێک لە سنووری شیلادزێ ١٠ بنکەى سەربازیان جێگیرکردووە.

دەشڵێن، شارەدێى شیلادزێ پێکهاتووە لەناوچەكانی دووسكی، ژووری، رێكان و نێرەویی و شارەدێکە بەدووری ٣٠ كیلومەتر دەكەوێتە ناوەندی شارۆچکەى ئامێدی لە سنووری دهۆك و بەهۆی هێرشەکانى تورکیاوە بەشێکى زۆرى گوندەکانى چۆڵکراون.

ڕۆژنامەکە لە زارى ڕزگار عوبێد، بەڕێوەبەری شارەدێى شیلادزێ بڵاوى کردووەتەوە، لە سنورەکەمان نزیكەی ٨٥ گوند چوڵكراون ئەوەش بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوپای توركیاوە.

ڕزگار عوبێد وتوشییەتى، ئەو گوندانە ژیانی تێدا نەماوە بەتەواوی چوڵكراون، جگە لەوەی ئەو گوندانە چوڵكراون لەهەمانكاتیشدا قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە و هاوڵاتیانمان ئاگادار كردووەتەوە، كە نابێت سەردانی ئەو شوێنانە بكەن، چونكە مەترسی هەیە.

نایف سیتەیی، کە دانیشتووی كۆمەڵگای سیرێ-ى سەر بە شارەدێى شیلادزێیە بە ڕۆژنامەى هاوڵاتى وتووە، بەشی زۆری ئەو گوندانەی، كە چوڵكراون وەكو كامپێكی لێهاتووە و دەوروبەری هەموویان گیراوە و ناتوانین بەئارەزووی خۆمان هاتوچۆ بکەین.

دڵشاد نەسروڵلا، کە مامۆستایەکى زانكۆ و نیشتەجێی كۆمەڵگای سیرێ-یە ڕایگەیاندووە، ئێستا سوپای توركیا نزیكەی ١٠ بنکەى سەربازیی لەسەر شاخ و گردەكان و دەوروبەری شیلادزێ جێگیركردووە، کە دەکەونە ناوچەکانى مام رەشا، كریادێرێ، سەرێ دارێ، كەلها بێدە، جگە لەوانەش توركیا هێزێكی زۆری لەناوچەكە بڵاوەپێكردووە .

ئەو مامۆستاى زانکۆیە باسی لەوەشکردووە، گوندانەی، كە چوڵكراون بەلایەنی كەمەوە ژمارەی خێزانەكان لەهەر گوندێك ٥٠ بۆ ٧٥ خێزان بووە و بەهۆى مەترسى لەسەریان كۆچیان كردووە بۆ سەنتەری شیلادزێ و دێرەلوك، سەرسنگ، قەدش، ئامێدی و دهۆك.

ئ.م

Comments are closed.