کۆیلایەتیی مۆدێرن لەئەمڕۆی جیهاندا!

بەپێی ئامارەکان ٥٠ملیۆن مرۆڤ، لە سەرانسەری جیهاندا لەئەمڕۆدا لە ناو کۆیلایەتییەکی مۆدێرندا ژیان دەگوزەرێنن، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە (کاری زۆرەملێ، هاوسەرگیریی زۆرەملێ توندوتیژیی، هەڕەشە و فریودان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات).

بەگوێرەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، واک فری و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، دوایین ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە کاری زۆرەملێ و هاوسەرگیریی زۆرەملێ، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بەپێی دوایین خەمڵاندنە جیهانییەکانی کۆیلایەتی مۆدێرن، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا پەنجا ملیۆن کەس لە کۆیلایەتیی مۆدێرندا ژیانیان گوزەراندووە، لەوانەش ٢٨ ملیۆن کەسیان لە کاری زۆرەملێدا بوون و ٢٢ ملیۆن کەسیشیان بە هاوسەرگریی زۆرەملێ گیرۆدە بوون.

هەروەها ئاشکرایان کردووە، کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کۆیلایەتیی مۆدێرندان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەنەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٠ ملیۆن کەس زیاتر لە کۆیلایەتی مۆدێرنـدا بوون بە بەراورد بە خەمڵاندنە جیهانییەکانی ساڵی ٢٠١٦، هەروەها ژنان و منداڵان بە شێوەیەکی بەرچاو لەم پرسەدا ماونەتەوە.

ئامارە جیهانییەکان ڕوونی دەکەنەوە، کە زۆربەی زۆری کاری زۆرەملێ بەجۆرێک لە ٨٦٪ لە کەرتی تایبەتدا دەبینرێت، لەکاتێکدا نزیکەی چوار لەسەر پێنجی ژنان ڕووبەڕووی بەکارهێنانی سێکسیی دەبنەوە بەمەبەستی بازرگانیی ئەمەش بە  زۆرەملێ.

ڕێکخراوە جیهانییەکان دەیخەنەڕوو کە ئەو کارە زۆرەملێکان لەلایەن دەوڵەتەوە سەپێنراون، کە لە کۆی کارە زۆرەملێکان لە ١٤٪ـی دەگرێتەوە.

ئاماژەشیان بەوەداوە نزیکەی یەک لەسەر هەشتی هەموو ئەوانەی لە کاری زۆرەملێدان منداڵن کە ژمارەیان دەگاتە (٣.٣ ملیۆن کەس)، زیاتر لە نیوەی ئەمانە لە ناو بەکارهێنانی بازرگانیی و سێکسییدان.

هاوسەرگیری زۆرەملێ

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پێگەی کاری نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٢ ملیۆن کەس لە ژیانی هاوسەرگیری زۆرەملێدا بوون، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ٦.٦ ملیۆن کەس زیادیکردووە، ئەگەری زۆرە ڕێژەی ڕاستەقینەی هاوسەرگیریی زۆرەملێ، زیاتر بێت لە خەمڵاندنەکانی ئێستا.

هەربەگوێرەی ئامارەکان دەوڵەتانی عەرەبی زۆرترین ڕێژەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەی تێدایە.

هەرسێ ڕێکخراوە جیهانییەکە لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە کە کرێکارە کۆچبەرەکان زیاتر ڕووبەڕووی کاری زۆرەملێ دەبنەوە وەک لەو کرێکارانەی کە کۆچبەر نین.

دەشڵێن: دۆخی کۆیلایەتی مۆدێرن باشتر نابێت گەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت و پێویستی بە سیاسەت و ڕێکخستنێکی پێکەوەیی کاریگەرانەیە، لەوانە سەندیکاکانی کرێکاران، ڕێکخراوەکانی خاوەنکاران، کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی ئاسایی، پەیماننامەی جیهانی سەبارەت بە کۆچ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم کۆیلایەتییە مۆدێرنە زۆر گرنگن، هەروەها ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە کلیلی کۆتاییهێنانە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەردەمی قەیرانەکاندا.

ب.گ

Comments are closed.