پشكی هەرێم ڕووبەڕووی چارەنووسێكی نادیار دەبێتەوە

دوای زیاتر لە مانگێك لە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق و دابەشنەكردنی مووچەی مانگی ڕابردوو، هێشتا چارەنووسی پشكی هەرێم لە بەغدا بە نادیاریی ماوەتەوە و بەوتەی بەرپرسانی هەرێمیش تا پشكی هەرێم لە بەغداوە نەنێردرێت ناتوانن مووچە دابەش بكەن.

ڕۆژی ١١ـی حوزەیران، پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵەكانی”٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥”ـی پەسەند كرد، كە تێیدا پشكی هەرێم لەدەرئەنجامی ڕێككەوتنی پێشوەختەی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا دیاریكراوە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، كە مانگێك و ١٥ ڕۆژ پێش ئێستا پەسەندكرا، حكومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەكات و نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و هەموو داهاتی ناوخۆش ڕادەستی بەغدا دەكات، لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق پشكی هەرێم كە بە ١٢.٦٧٪ دیاریكراوە، ڕەوانەی هەرێم دەكات.

حكومەتی هەرێم تا ئەمڕۆ، كە ٢٥ـی تەمووزە، مووچەی مانگی حوزەیرانی دابەشنەكردووە، بەوتەی ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، داهاتی هەرێم بەشی مووچە ناكات و وتی: ئێستا نەوت هەناردە ناكەین و لە داهاتی ناوخۆیش نیوەی ڕادەستی بەغدا دەكەین، بۆیە بۆ بابەتی مووچە، لەمەولا لە حكومەتی عێراق بپرسن.

لە هەفتەی ڕابردووەوە، چەند جارێك شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان كردووە، بۆ قسەكردن لەسەر ناردنی پشكی هەرێم، بەڵام زانیارییەكان و قسەی بەرپرسانی هەرێم دەریدەخەن، كە دۆخێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و ناكۆكی نوێ لەنێوان هەردوولادا سەریهەڵداوە.

لەكاتێكدا یاسای بودجە، هەرێمی پابەندكردووە بە ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانەوە، بەڵام ئێستا حكومەتی عێراق داوای كۆی داهاتەكە دەكات و دەڵێت “دوای ڕادەستكردنی هەموو داهاتەكە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نیوەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێم”.

لە نوێترین لێدوانیدا، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی ‌و بەدواداچونی حکومەتی هەرێم دەڵێت: دەستکاریکردنی بەشێک لە مادەکانی یاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە وایکردووە، ئێمە پێویستە جارێکیتر ڕێککەوتنی لەسەربکەین‌ و کاری لەسەربکەین.

ئەو لێدوانەی سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی ‌و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێم دەریدەخات، كە ناكۆكی لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە، هەرچەندە وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت “بە هەموو مەرجەكانی بەغدا ڕازی بووین و هیچ بیانوویەك بەدەست عێراقەوە نەماوە بۆ نەناردنی پشكی هەرێم.”

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوێنێ ڕایگەیاند، كە گلەیی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا نانێردرێت؟ لە بەرامبەردا سودانی وتوویەتی: “حكومەتی هەرێم ڕازی نییە، فەرمانبەرانی هەرێم وەك عێراق لە ١٨ـی مانگ مووچە وەربگرن”.

لەکاتێکدا یاسای بودجەی عێراق پشکی هەرێمی دیاری کردووە و ڕێککەوتنی پێشوەختە کراوە لەسەر کۆی پرسەکان، بەڵام بەهۆی لاوازی پێگەی هەرێمەوە بەرامبەر بە بەغدا و نەبوونی هیچ كارتێكی فشاری بەهێز بەدەست هەرێمەوە، حكومەتی عێراق بەربەست بۆ ناردنی پشكی هەرێم دروست دەكات و چارەنووسی پشكی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە و حكومەتی هەرێمیش، دابەشكردنی مووچەی بەستووەتەوە بە ناردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغداوە.

هەندێک لە ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەڕۆن، کە پەدەکە وەک دەسەڵاتی یەکەم لە هەرێم نییەتی پابەندبوونی نییە بە مەرجەکانی یاسای بودجەوە، ئەمەش بە واتای دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێ لە قەیران و ناکۆکی و ململانێ دێت، کە تەنها هاوڵاتییانی هەرێم باجەکەی دەدەن.

س.س

Comments are closed.