تیرۆرە ناوخۆیی و گوماناوییەکانی پەدەکە و خستنە ئەستۆی پەکەکە

ناوەندی هەواڵەکان

پەدەکە مێژوویەکی درێژ و ڕەشی هەیە لە تیرۆری شاراوە و گوماناویی لەناوخۆیدا، لە تیرۆرکردنی براکانی خودی مەسعود بارزانییەوە تا محەمەد میرزا سندی، هەموو ئەم کەیسانەش دیزەبەدەرخۆنە دەکەن و بە سیناریۆیەکی لاواز دەیخەنە ئەستۆی لایەنێکی تر بەتایبەتی پەکەکە.

شەوی ٢٣ـی ئەم مانگە ئۆتۆمبێلێک لە شەقامێکی سەرەکی زاخۆ تەقێنرایەوە، کە تێیدا کەسێک بەناوی عەمید محەمەد میرزا کە ئەفسەری دەزگای پاراستنى پەدەکە بووە گیانى لەدەستدا، ئەمە نوێترین ڕووداوی تیرۆرە کە لەناوچەی ژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدا ڕوویداوە.

بەر لە ڕووداوەکە، پێویستە ئەوە ببینرێت کە محەمەد میرزا کادیری پەدەکە و ساڵانێکی زۆر ئەندامی چالاکی دەزگای پاراستن بووە کە پلەکەشی عەمید بووە، بەسەرنجدان لە ئەرک و پلەو شوێنی کارکردنی، گومانى زۆری لەسەر ڕووداوەکە دروست کردوە.

ئەم ڕووداوە، ئەو بەرپرسانەمان بیر دەخاتەوە کە  لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە ناو پەدەکەدا بەشێوەیەکی گوماناویی تیرۆرکراون یان گیانیان لەدەستداوە و پەدەکە خۆی لێ بێبەری کردوون و بە سیناریۆیەک کەیسەکانیانی دیزەبەدەرخۆنەکردووە، وەک پەندە کوردییەکە کە دەڵێت” بکوژ لەسەر گۆڕی کوژراو شین دەکات”.

گیان لەدەستدانى محەمەد میرازا لە سنوری بادینان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و بێ چەند و چوون دەستی تۆمەتیان بۆ پەدەکە و پاراستن درێژ کردووە و بێدەنگی کەسوکارەکەشی گومانى زیاتری خستووەتە سەر ئەو ڕووداوە.

ڕۆژنیوز چەند کەسێکى شارەزای سەربازیی سەبارەت بەو ڕووداوە دواندوە و ئاماژە بەوە دەکەن جۆری تەقینەوەى ئۆتۆمبێلی محەمەد میرزا پێچەوانەى ڕاگەیەنراوەکەى ئەنجومەنی ئاساییشە بەچەند بەڵگەیەک: ئەنجومەنى ئاسایشی پەدەکە دەڵێت: کەسێک بۆمبێکی لکێنراو دەلکێنێت بە ئۆتۆمبێلی محەمەد میرزاوە، وەک لەو گرتە ڤیدیۆییەی ئەنجوومەنەکە بڵاوی کردوەتەوە دەردەکەوێت ئەو کەسەی بە کارەکە هەستاوە، بۆمبەکە دەلکێنێت بە بەشی پێشوەى ئۆتۆمبێلەکە، لەکاتى تەقینەوەکەدا دەردەکەوێت کە ئۆتۆمبێلەکە لەبەشی دواوە و سەرەوەیدا دەقیوەتەوە نەک لە ژێرەوە، بەو پێیەى ئۆتۆمبێلەکە لەسەر شەقام بۆ ماوەیەک دەڕوات و ئەو شوێنەى گوایە بۆمبەکەى پێوە لکێنراوە، هیچ کێشەیەکى نییەو بەساغی بە شەقامەکەدا دەڕوات.

بۆیە ئەو شارەزایانە پێیانوایە کە ئۆتۆمبێلەکە لە ئاسمانەوەو بە درۆن کرابێتە ئامانج، چونکە ئۆتۆمبێلی ئەو کەسە لەبەشی سەرەوەیەوە تەقیوەتەوە.

هەروەها گومانێکی دیکە لەسەر ئەو ڕووداوە ئەوەیە، کە ماوەى لکاندنی بۆمبەکە و تەقینەوەکەى کاتێکى زۆر لە نێوانیانە، بەجۆرێک ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت  کاتژمێر ٤:٠٠ـی بەیانی بۆمبەکەیان پێوە لکاندووە، بەڵام کاتژمێر ٧:٤٩ـی ئێوارە تەقیوەتەوە، لەکاتێکدا ئەفسەرەکەى پاراستن لەکاتى سەرکەوتنى ئۆتۆمبێلەکە تا ماوەیەکى زۆر دەڕوات ناتەقێتەوە تا دەگاتە شەقامێکی سەرەکی مەودا فراوان ئینجا دەتەقێتەوە.

بەوتەى بەشێک لە کەسوکارەکەی، محەمەد میرزا، دوای خانەنشینبوونی بەردەوام لەژێر چاودێریی وردی پاراستندا بووە، چەند جارێکیش لەلای کەسوکاری ئاماژەی بە نیگەرانییەکانى خۆی کردووە لە حزبەکەی کە پەدەکەیە.

ئەوەى گومانەکەى لەسەر ڕووداوەکە زیاتر کردووە، ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنى ئاسایشە، کە چەندین ئاماژەى دژ بە یەکی تێدایە و هەروەها ڤیدیۆکەش، کە بڵاوکراوەتەوە گومانی زیاتر دروستکردووە، چونکە ڤیدیۆکە لە سیناریۆیەکى تەواو دروستکراو دەچێت، هاوشێوەى هەموو ئەو ڤیدیۆیانەیە، کە بۆ کردەوەکانى ڕابردوو، لەدژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان دروستیان کردووە.

پەدەکە بۆ ئەوەى ئەو گوومانە لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە و توڕەیی بنەماڵەکەشى لەخۆی دوور بخاتەوە، ڕووداوەکەی خستووەتە ئەستۆی پەکەکە، بۆ ئەوەى لە یەک کاتدا خۆی لەو تیرۆرە دوور بخاتەوە و کێشەو ناکۆکیش لەنێوانە عەشیرەتی سندییەکان و پەکەکە دروست بکات، بەو پێیەى ئەو ئەفسەرەى پاراستن لە عەشیرەتى سندییەکانى زاخۆییە و پەدەکەش ساڵانێکی زۆرە ناکۆکی لەگەڵ ئەو عەشیرەتەدا هەیە.

ئەمە تەنیا ڕووداو نییە لەناو پەدەکە و لەسنووری ژێر کۆنترۆڵی ئەودا ڕوویدا بێت، گومانی لەسەر نەبێت و سیناریۆی بۆ دانەنرا بێت، بەڵکو چەندین ڕووداوی گوماناویی و تیرۆر کردن هەن کە زۆر کەس  پەنجەى تۆمەتی ئەنجامدانی بۆ پەدەکە و پاراستن درێژ دەکەن و پێیانوایە، بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆیی حزبەکەوە یاخود بەهۆی قسەیەکەوە کە بە دڵی بنەماڵەى بارزانى نەبووە تیرۆر کراون و ڕووداوەکەش دیزە بەدەرخۆنە کراوە یانیش خراونەتە ئەستۆی لایەنێکی دیکە، زۆرکاتیش بە دڵی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک دەکەن و تاوانەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی پەدەکە.

لەو ڕووداوە گوماناوییانەی کە لەبەرۆکى پەدەکە نابنەوە لە ئیدریس بارزانییەوە دەست پێدەکات، تا جەوهەر نامیق و فەرەیدون جوانڕۆیی و فەلەکەدین کاکەیی و فرسەت سۆفی و دوو دادوەر و دوو پارێزەر و ئەفسەرێک کە لە هەولێر تیرۆر کران، چەندین ڕووداوی دیکەى لەو جۆرەش هەر لە هەولێر و دهۆک ڕوویانداوەو تائێستاش نەک بە گووماناوی ماونەتەوە، بەڵکو پەدەکە ڕێگە نادات باس بکرێن و دۆسییەکانیان هەڵبدرێنەوە.

لە دوای هەموو ڕووداوێکیش ئەنجوومەنى بەناو ئاسایش، کە ئەنجوومەنى پەدەکەیە و کوڕەکەى بارزانى سەرۆکییەتى سیناریۆی ئامادەکراویان هەیە و دوای ماوەیەک لە هۆنینەوەى سیناریۆکە لەمیدیا بڵاوی دەکەنەوە، هەمیشە کەسی ئامادەکراویشیان بۆ ئەو سیناریۆیە لەبەر دەستە.

هاوکات هەرئەمڕۆ، هەپەگە بە ڕاگەیاندراوێک پڕوپاگەندەکانی پەدەکەی بەدرۆخستەوە، کە گوایە پەکەکە محەمەد میرزا سندی کوشتووە و ڕایگەیاند:” هیچ پەیوەندییەکمان بەو ڕووداوەوە نییە، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە، بەڵام هەوڵدەدەن ئەم ڕووداوە بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەکەمان، ئەمە هەوڵەش بە مەبەستە.”

هـ.ح

Comments are closed.