پەدەکە بۆ ڕازیی کردنى دڵی دوژمن لە سەر شەهیدکردنى هاوڵاتییانیش نایەتە دەنگ

ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتى داگیرکەریی تورک لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و بە بەرچاوی حکومەتى عێراق و هەرێمی کوردستانەوە لەناو قوڵایی خاکی عێراق و هەرێمدا بۆردوومانی هاوڵاتییانى مەدەنی دەکات و شەهیدیان دەکات، بەڵام پەدەکە و حکومەتەکەى پەردەپۆشی تاوانەکەى دەوڵەتی تورک دەکەن و لەسەر کوژرانی ئەندامەکانی خۆشیان نایەنە دەنگ.

ڕۆژی ٦ـی ئەم مانگە، لە دوو کاتدا دەوڵەتى داگیرکەریی تورک لە شارەدێی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکی مەدەنی کردە ئامانج و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک شەهید بوو یەکێکیش بریندار بوو، هەمان ڕۆژ، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، گوندی چنارتووی لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان کرد.

پەدەکە و میدیاکانى و دەزگا ئەمنییەکان هەر زوو پاساویان دایە هێرشە داگیرکەرەکەى دەوڵەتی تورک و وتیان کە بەهۆی پەکەکەوە تورکیا بۆردوومانى سنوورەکەی کردووە، لەجیاتی ئەوەى ئیدانەى بۆردوومانەکە بکەن و داوای پاراستنى خاکی هەرێم بکەن، خۆیان دەبنە پارێزەر و دەمڕاستى دەوڵەتى تورک.

بەپێی زانیارییەکان ئەو هاوڵاتییانەى لە سنووری دهۆک شەهید بوون ئەندام و لایەنگری پەدەکەن، بەڵام پەدەکە و حکومەتەکەى مەسرور بارزانى بە وشەیەکیش لەسەریان نەهاتنە دەنگ و ئیدانەیان نەکرد، نەوەک ئاغاکەیان لە کۆشکی ‘جانکایا’ لێیان زوویرو دڵ تەنگ ببێت.

هەمان ڕۆژی هەردوو بۆردوومانەکە، بەشێکى زۆر لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانى عێراق و میدیاکان دژی بۆردوومانەکەی دەوڵەتى تورک هاتنە دەنگ و جگە لە ئیدانەکردنى بۆردوومانەکان داوای هەڵوێستیان لە حکومەتەکەى سوودانى کرد دژ بە تورکیا، لەکاتێکدا ئەوانەى شەهید بوون کوردن و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

بەڵام پەدەکە وەک هەمیشە پەردەپۆشى تاوان و کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورک دەکات و بە وشەیەک ئیدانەى شەهیدبوونى ئەو هاوڵاتییانەى نەکرد، کە کوردن و لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە و سەر بە پارتەکەی خۆشیی بوون.

پەدەکە لە چەند ساڵى ڕابردوودا چاو و دەمی لە ئاست شەهیدکردنى نزیکەى ٢٥٠ هاوڵاتی مەدەنى لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داخستووە، دژی هەموو ئەو کەس و لایەن و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنانەش وەستاوەتەوە، کە باس لە هێرشەکانى دەوڵەتى تورک دەکەن بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنى هاوڵاتییان.

ئێستا کە دەوڵەتى داگیرکەریی تورک لەناو خاکی باشووردا بەتایبەت لە زاپ و چیای جودی دەیەوێت داگیرکاریی زیاتر بکات، پەدەکە شان بە شانی سەربازانى دەوڵەتى تورک لە دژی گەریلا لە شەڕدایە و بوون بە پێش قراوڵی تورک و ڕێگایان بۆ دروست دەکەن تا ناو هەرێمەکانی بەرخۆدانی گەریلا و خۆشیان وەک قەڵغان لە پێشەوە دەڕۆن.

هـ.ح

Comments are closed.