حکومەتى عێراق لەسەر سێ مووچە فەوتاوەکەی فەرمانبەرانی هەرێم وەڵامدەداتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نوێترین هەڵوێستى حکومەتی عێراق لەسەر مووچە فەوتاوەکانى مووچەخۆرانى هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت: دادگای فیدراڵی خۆی لادەدات لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی سێ مووچەکەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای نووسراوێکی ئاڕاستەى سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کردووە لەسەر سێ مووچە فەوتاوەکەى مووچەخۆرانى هەرێم، ئەمڕۆ وەڵامەکەی حکومەتی ئاشکرا کرد.

سۆران عومەر دەڵێت: دادگای فیدراڵی رەتیکردەوە روونکردنەوە لەسەر پێنەدانی سێ مووچەکەی ساڵی ٢٠٢٣ بدات، بەوپێیەی لە دەسەڵاتی دادگاکەیان نییە.

وتیشی: دوای ئەوەی نوسراوم ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ناوەند کرد، ئەوان وەڵامەکەیان خۆ لادان بوو لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی سێ مووچەکە، ئێستا پێویستە حکومەتی ھەرێم وەڵام بداتەوە.

مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ـی مووچەخۆرانی ھەرێم دابەشنەکراوە و حکومەتى هەرێم دەڵێت، پارەى ئەو سێ مووچەیە لای حکومەتى ناوەندە و پێویستە بیدات، سەرەتای ئەم مانگەش وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، ناتوانن پارە بۆ ئەو سێ مووچەیە بنێرن و لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمدایە.

هـ.ح

Comments are closed.