دەوڵەتى تورک چۆن پاداشتى بەغدای کرد و سزای هەرێمی دا؟

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی دەوڵەتى داگیرکەری تورک بە خستنەڕووی ڕێڕەوێکی بارزگانی وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق، پاداشتى بەغدا دەکات و سزای هەرێم و پەدەکەش دەدات، هاوکات تکا و کڕووزانەوەى بارزانییەکان بۆ دەربازبوون لەو سزایە هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

ڕۆژی ٢٢ـی ئەم مانگە، ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتى  داگیرکەری تورک سەردانى عێراقی کرد، ٢٦ ڕێککەوتن و لێکتێگەشتنی لەگەڵ حکومەتى عێراقدا واژۆ کرد، کە هیچ کام لەوانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و هیچ سوودێکی ئابووریشیان بۆ خەڵکی هەرێم نییە، بەڵکو تەنیا بە پلەی یەک لە بەرژەوەندیی دەوڵەتى تورکە، ئینجا عێراق.

ڕێگەى گەشەپێدان بریتییە لە دوو هێڵى ئاسنین و گواستنەوەى وشکانی کە لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و بە درێژی هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر و بە دەشتی نەینەوادا دەچێتەوە تورکیاوە، ڕێگەکە بۆ گواستنەوەى کاڵا و گەشتیاریی و بواری دیکە لە خۆ دەگرێت و بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت ساڵى ٢٠٥٠ تەواو بێت.

تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلارە و زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلاری بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و شەش ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریش تێچووی درووست کردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.

ئەم ڕێگا بازرگانییە بە تەواوی شکست بە جوڵەى بازرگانى لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل دەهێنێت کە یەکێکە لە شا دەمارەکانى ئابووری هەرێم و سەرچاوەی یەکەمی دارایی بنەماڵەى بارزانى و پەدەکەیە.

ساڵانە داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ملیاران دینارە، بەڵام تا ئێستا حکومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان و دیوانى چاودێری دارایی و دەستەى نەزاهە و هیچ لایەنێکی بەشدار لە حکومەتى هەرێم نازانن بە دیاریکراوی داهاتى ئەو دەروازەیە چەندە، بەڵام هەمووان ئەوە دەزانن کە ئەم دەروازەیە داهاتێکی خەیاڵی هەیە و بەشێکی زۆر کەمی دەچێتەوە خەزێنەى حکومەتی هەرێم بەشەکەی دیکەى بۆ بنەماڵەى بارزانییە.

دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکەوێتە سنووری زاخۆ و لەگەڵ باکووری کوردستان، بازرگانى هەرە زۆری تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لەو دەروازەیەوەیە، بۆیە ئەگەر بێت و ڕێگای گەشەپێدان تەواو بکرێت ئەوا زیانێکی کەمەرشکێن بەر ئەو دەروازەیە دەکەوێت و جوڵەى بازرگانى لێیەوە لە ٨٠% کەم دەکات.

بەشێک لە شارەزایانى ئابووریی لە عێراق پێیانوایە، بەهۆی ڕێگای گەشەپێدان دەوڵەتى تورک چیتر پێویستییەکى ئەوتۆی بە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل و دەروازە لاوەکییەکانى دیکەى هەرێم لەگەڵ تورکیا نامێنێت، بە تەواو بوونى پڕۆژەکە بەندەری فاو دەبێتە سەنتەری دابەشکردنى کاڵای تورکی بەسەر تەواوی عێراق بە هەرێمیشەوە.

بە پێچەوانەوە دەوڵەتى داگیرکەری تورک تەنیا بە ڕێگای گەشەپێدان زیانی لە پەدەکە نەداوە، بەڵکو لە شوێنێکی دیکەشەوە زیانێکی گەورەتر لە پەدەکە دەدات، ئەویش ئەوەیە لەم سەردانەدا سەرۆکی دەوڵەتى تورک بە فەرمی داوای کردووە دەروازەیەکی دیکەى سنووری لەگەڵ وڵاتەکەى بکرێتەوە، ئەویش دەکەوێتە پارێزگای موسڵ و کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دوورە.

هەروەها، بۆ بە ئامانج گەیشتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، دەوڵەتی تورک و عێراق ڕێککەوتوون، کە دەروازەیەکی دیکەی سنووری نوێ بکەنەوە و لەو دەروازەیەوە پرۆژەکە بگات بە خاکی تورکیا.

بە کردنەوەى ئەم دەروازەیەش زیانێکی دیکەی دەوڵەتى تورک بەر پەدەکە و دواتر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بۆیە دەوڵەتى تورک پاداشتى نۆکەرایەتى و چاوساغییەکانى پەدەکە بەو پڕۆژەیە دایەوە.

زۆرینەی سەرچاوە دارایی و بارزگانییەکانى پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتى تورک و وڵاتانى دیکە لە ڕێگەى دەروازەى ئیبراهیم خەلیلەوەیە، بەڵام بەو پڕۆژەیەى دەوڵەتى تورک زیانێکی گەورە بەر خەزێنەکەى بنەماڵەى بارزانى دەکەوێت.

ترس لەو زیانە گەورە ئابوورییە، وای لە بنەماڵەى بارزانى کرد کە لەچەندین لاوە هەوڵ بدەن ئەردۆغان لەسەردانەکەى بۆ عێراق سەردانى هەولێریش بکات، تا نیگەرانی خۆیان بگەیەنن بە ئەردۆغان و داواشی لێ بکەن جێگرەوەیەک بۆ ڕێگای گەشەپێدان بۆ عێراق دابنێن.

بەپێی پیلانی سەردانەکە هەولێر بەشێک نەبوو لە سەردانەکەی ئەردۆغان، بەڵام لەسەر هەوڵ و داوای پەدەکە، ئەردۆغان ڕازی بوو سەردانى هەولێریش بکات، تا نیگەرانی و ترسی بارزانییەکان بڕەوێنێتەوە کە ڕێگای گەشەپێدان زیان بەوان ناگەیەنێت، لەکاتێکدا هیچ جێگرەوە و بیرۆکەیەکى بۆ ئەو دڵنیاییە نەدایە بارزانییەکان.

هاوکات سەردانەکە بۆ هەولێر زیاتر بەسەرکردنەوەیەکی بارزانییەکان بووە و سیاسەتى دەوڵەتە داگیرکەرەکەی لە عێراق باس کردووە، هاوکاتیش فەرمانی بە بارزانییەکان کردووە کە هاوکار بن لەو پیلانەى لە عێراق لە هەموو بوارەکاندا بەدەستییەوەیەتى، بە واتایەکی دیکە جگە لە فەرمانکردن و بەسەرکردنەوە هیچ دەستکەوتێکی بۆ هەرێم و بنەماڵەى بارزانییەکان پێنەبوو.

هـ.ح

Comments are closed.