ڕێبەر ئۆجالان چۆن پێناسەی دایکی دەکات؟

ناوەندی هەواڵەکان

٣١ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی دایکی ڕێبەر ئۆجالاندا تێدەپەڕێت، کە ئەو وەک سەرچاوە و بناغەی فکر و تێکۆشانی خۆی بۆ پرسی ژن پێناسەی دەکات و لەمبارەیەوە دەڵێت: لە بنەڕەتدا پاداشت و مافی دایکایەتی تەنها بە تێکۆشان دەتوانرێت بدرێتەوە.

یەکێک لەو دایکانەی، کە بە هەبوون و هەڵوێستە بەرخۆدێرییەکەی و بە ئیرادە تێکۆشەرانەکەی بێ وەستان لەناو ڕێپێوانی ئازادییدا بووە، واتای دایک، ژن و زاینیی هاوتاکرد، دایکە ئوەیش یان ئوەیش ئۆجالانە، کە دەکاتە دایکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان.

ئوەیش ئۆجالان لە ساڵی ١٩٢٢ـدا لە گوندی ئامارای ناوچەی خەلفەتی لە ڕحا لەدایکبووە، لە تەمەنێکی منداڵیدا بوو کە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی دراوسێ گوندیاندا کردووە، دایکە ئوەیش شاهیدی کوشتنی ژنێک بووە لەلایەن هاوژینەکەیەوە، لە دادگادا قسە دەکات و سزای تاوانبار-هاوژینەکەی دایکە ئوەیش دەدرێت، تاوانبارەکە لە زینداندا بەهۆی جەڵدەی دڵەوە دەمرێت، دوای مردنی هاوژینەکەی، دایکە ئوەیش کە تەنها کچێکی دەبێت، دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی، دواتر لەگەڵ عومەر ئۆجالان هاوسەرگیری دەکات و چوار کچ و سێ کوڕی دەبێت، ئوەیش ئۆجالان بە کەسایەتییە یاخییەکەی ناسراوە، لە ٤ـی نیسانی ١٩٤٩ـدا منداڵێکی کوڕی دەبێت، بەڵام نازانێت ئەو منداڵە دەبێتە ڕێبەری گەلێک و چارەنووسی گەلی کورد دەگۆڕێت.

دایکە ئوەیش بە هۆی نەخۆشی شەکرەوە قاچێکی دەبڕدرێتەوە، لە ١١ـی نیسانی ١٩٩٣ـدا بەهۆی جەڵدەی دڵەوە کۆچیی دوایی دەکات، لە گوندی ئامارا کە شوێنی دڵخوازی بوو، بەخاک دەسپێردرێت.

ڕێبەر ئۆجالان سەبارەت بە تێکۆشان و ژیانی دایکی دەڵێت: “ژیانی دایکی ئوەیش چیرۆکی ژنێکە کە کۆمەڵایەتیبوونی خۆی بنیات نەنا، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر نەکەوتووەتە ناو ئەو سنوورانەی کۆمەڵگا کێشاویانە.

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دایکیدا دەڵێت: ئەو ژنەی کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان کردووە بە لایەنی ئەرێنی یان نەرێنییەوە دایکی منە، لە کوردستان دۆخێک لە ئارادایە کە سەرنجی بدەین ڕاستینەی دایکە، دایکایەتی زیاتر گوزارشتە لە لەدایکبوون، ئاسانترین واتای دایکایەتی بەم شێوەیەیە “تۆ منداڵێکی زۆر بێنە دنیا و نەوەکانت بەردەوامی پێبدە” من لە سەرەتاوە دژی ئەمە بووم و وەڵامی توندی دایکیشم داوەتەوە، وەک دایکێک واز لە هەموو مافەکانی دەهێنێت لە ماڵەوە، چونکە منی هێناوەتە دنیاوە، پێم دەوت کە مریشک و جوجکەکانی دەبینیت؟ مریشک بۆ جوجکەکانی چەندە دایکە، تۆش ئەوەندە بۆ من، هەروەها زۆرجاریش هەڵوێستی وەک “لەجیاتی ئەوی منداڵێکی وەهات هەبێت، با هەر نەبێت”م نیشان دەدا، چونکە ئەو دایک بوو منیش منداڵ، منداڵ ناتوانێت بە خواستی خۆی بژی و دایکیش دەیەوێت دایمە لەگەڵ منداڵ بێت، کە ئەمە ناکۆکییە.

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە دایکی کاریگەری زۆری لەسەر ژیان و تێکۆشانی هەبووە، دەشڵێت: “پاداشت و مافی دایکایەتی تەنها بە تێکۆشانێکی بێ وێنە دەتوانرێت بدرێتەوە، بۆ دایکێک ماف بەو شێوەیە دەدرێتەوە، ئەی بۆ ژنێک چۆن پەیوەندییەک نیشان بدرێت؟، ئێمە لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئازادیی ژنانەوە نیشانمانداوە، دەتوانرێت بەم شێوەیە وەڵامی دایک بدرێتەوە، پێویستی بە پێشکەشکردنی دیارییەکی بچووک نییە، بەڕای من شیکردنەوەی ئازادیی ژن گەورەترین ڕێزە بۆ دایک.

ڕێبەر ئۆجەلان، کە دایکی وەک ڕێبەری خۆی دەبینێت، دایکی وەک “تێکۆشەرێکی گەورە” پێناسە دەکات و دەڵێت: “ئەو لە تەمەنێکی بچووکیشدا منی فێری شەڕکردن کرد”. هەتا ئێستاش کاریگەری لەسەر من هەیە، دایکم هەستێکی وای لە مندا دروست کرد، تۆ ناتوانی پشت بە من بسپێریت، بە هاوکاری من، بە گریان و گلەیی بژیت، دەبێت وەڵامت هەبێت، بۆ من تۆڵەکردنەوەیەک یان هەستکردن بە دەستکەوت بوو، دایکم بە تەواوی زریانی یاخیبوون بوو، لە گوندەکەدا وەکو ژنێکی یاخی دەناسرا، سەری بۆ هیچ کەسێک دانەدەنواند، بەبێ جیاوازی لێپرسینەوەی لە ژن و پیاو دەکرد.

ب. ق

Comments are closed.