لە شارەزوور هاوڵاتییەك بە چوار فیشەك كوژرا

شارەزوور

لە شارەدێی زەڕایەنی ناوچەی شارەزوور، هاوڵاتییەكی تەمەن ٥٠ ساڵ درایە بەر دەستڕێژی گولـلە، پاش ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و دەرکەوت چوار فیشەك بە گیانیەوەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی شارەدێی زەڕایەنی سەر بە شارۆچکەی شارەزوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هاوڵاتییەك درایە بەر دەستڕێژی گولـلەو بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكەش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەسەر ڕووداوەكە.

كەمال ئەحمەد بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید ڕەئوف بەگ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: كاتژمێر ٤:٤٥ خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەكیان گەیاندە نەخۆشخانەكەمان كە ئاسەواری چوار فیشەك بەجەستەیەوە بوو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، تەمەنی نزیكە ٥٠ ساڵ دەبوو، پاش ڕێكارە پزیشكییەكان تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كرا بۆ توێكاری لەسەر تەرمەكەی.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنیوز ئەو كەسەی كوژراوە خەڵكی شارەدێی زەڕایەنە لە سنووری شارۆچكەی شارەزوور، هۆكاری كوشتنەكەی بۆ كێشەی كۆنی كۆمەڵایەتیی لەگەڵ بكوژەكەدا دەگەڕێتەوە، لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس لەسەر ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە.

ب.گ

Comments are closed.