لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان گۆشەگیریی و ئەشکەنجەی ئیمراڵی شەرمەزار کرا

ناوەندی هەواڵەکان

چالاکی کوردان و ئازادییخوازان لە ژنێڤ، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، لە چالاکییەکەدا ئەشکەنجەی ئیمراڵی و هێرشی داگیرکاریی شەرمەزار کرا و شەهیدانی مانگی ئایار یاد کرانەوە.

لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا، چالاکی مانگرتن بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، کە هەموو چوارشەمەیەک لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کات، کاتی ئازادییە” ئەنجام دەدرێت، شەهیدانی مانگی ئایار یاد کرانەوە.

لە چالاکییەکەدا، کە لە ٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، گۆشەگیریی و ئەشکەنجەی ئیمراڵی شەرمەزار کرا.

چالاکوانانی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و تەڤگەری ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆ-ژن)، پێشەنگایەتی چالاکییەکەی ئەم هەفتەیان کرد.

چالاکییەکە لە کەسێتی حەقی قەراردا بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی مانگی ئایار دەستی پێ کرد و لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکە ڕەمەزان ئامەد قسەی کرد.

ئامەد تیشکی خستە سەر بەرپرسیارێتییەکانی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەورووپا (سی پی تی) و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر ئەشکەنجەی ئیمراڵی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان بە هاوکاری نێوان دەوڵەتی تورک و پەدەکە ئەنجام دەدرێن بە مەبەستی کۆمەڵکوژیی گەلی کورد و داگیرکاری سەراپاگیری کوردستان و وتی: “گەلی کورد بە تایبەت کورستانییان لە ژنێڤ تا کۆتایی هاتنی داگیرکاریی و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، لە گۆڕەپانەکان دەمێننەوە”.

ئامەد دژی هێرشەکانی سەر چوار پارچەی کوردستان بانگەوازیی کرد بۆ خاوەندارێتی لە تێکۆشانی گەریلا.

پاشان چالاکوانی تەجەشە، ڕەمەزان قۆسەر ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

ئازادییخوازان بە بەرزکردنەوەی درووشم، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کات، کاتی ئازادییە” درێژەیان بە چالاکییەکەیان دا.

ب.گ

Comments are closed.