ئایا بەغدا دەتوانێت كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ دەوڵەتی توركدا چارەسەر بكات؟

 وسام زەهرونی

لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا، چاودێران داوا دەکەن دەبێت چەند بابەتێک بخرێنە بەردەم ئەنقەرە، کە دیارترینیان كێشەكانی بۆردوومان و ئاوە، دەبێت بڕیاریشیان لەسەر بدرێت، تەنها بە گفتوگۆ ڕازی نەبن، چاوەڕاون دەكرێت، ڕێككەوتن لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت.

چاودێران پێان وایە ئەم سەردانەی ئەردۆغان گرنگ دەبێت و دەرئەنجامی گەورەی دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی تاوتوێكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا، پێدەچێت ڕێككەوتنێك لەسەر كێشەكانی ئاو و بۆردوومانەكان بكرێت، هاوكات، توركیا لە ئێستادا پێویستی بە عێراق هەیە، ئەمەش بەهۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕێگای گەشەپێدانەوە.

حەمزە مستەفا
حەمزە مستەفا

لەوبارەوە حەمزە مستەفا، شرۆڤەكاری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا لەبەر زۆر هۆكار گرنگە، لەوانەش پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات لە ڕووى ئەمنى و ئابورى.

دەشڵێت: لەم سەردانەدا چەندین بابەتی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بەتایبەتی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم و عێراق و دۆسییەی ئاو.

دەشڵێت، توركیا پێویستی بە عێراقە بەهۆی ئاڵۆگۆِری بازرگانییەوە، کە قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ساڵانەى نێوان هەردوولا بە نزیكەی ٢٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی توركیادایە.

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە پێشبینی دەكات، لەم سەردانەدا ڕێككەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا بكرێت، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ڕاگرتنی بۆردوومانەكان و قەیرانی ئاو، بەو پێیەی دەبێت پەیمانەكانی نێوان هەردوولا جێبەجێ بكرێت.

بڕیارە ڕۆژی ٢٢ـی ئەم مانگە ئەردۆغان، سەرۆكی دەوڵەتی داگیركەری تورك سەردانی بەغدای پایتەخت بكات، پێشتر هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك بە سەردانێكی فەرمی گەشتە بەغدا، بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ سەردانەكەی ئەردۆغان.

كازم یاوەر
كازم یاوەر

هەروەها، كازم یاوەر، توێژەری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سەردانەكەی ئەردۆغان، لە دوای كۆبوونەوەی لوتكەی بەغداوە ئامادەكاریی بۆ كراوە، كە تێیدا تاوتوێی چەند دۆسێیەیەكی هاوبەش دەكرێت، دیارترینیان دۆسێیەی بۆردومانەكانی توركیا و بڕینی پشكی ئاوی عێراقە.

وتیشى، لە سەردانەكەدا تاوتوێی دۆسێیەی بۆردوومانەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە، هەروەها دۆسێیەی ڕێگای گەشەپێدان تاوتوێ دەكرێت، چونكە گرنگییە و ستراتیژییە و بڕێکى زۆر پارە دەخاتە خەزێنەى هەردوو وڵاتەوە.

لە كۆتایشدا وتی، وڵاتەکەمان و تورکیا بابەتى هاوبەشیان زۆرە گفتوگۆى لەبارەوە بکەن، بەڵام دیارترینیان وەستاندنی بۆردوومانکردنى ناوچەكانی هەرێم و قەیرانی ئاوە، كە بە یەكێك لە بابەتە گرنگەکان.

جێگای ئاماژەیە، دەوڵەتی تورك بە هاوكاری پەدەكە بەردەوامە لە بۆردوومانكردنی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و كردنە ئامانجی هاوڵاتییانی مەدەنی، بەڵام تا ئێستا ئەم بابەتە نەخراوەتە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە.

هـ.ئ

Comments are closed.