دۆخی تەندرووستیی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مانگرتوو ناجێگیرە

ناوەندی هەواڵەکان

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی کەیوان ڕەشوزادە، ماوەی دوو هەفتەیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی مامەڵەی خراپی کارمەندانی زیندان و دۆخی خراپی خۆی لە زیندانی ورمێ، دەستی داوەتە مانگرتن و دۆخی تەندرووستی تێکچووە و ناجێگیرە.

کەیوان ڕەشوزادە، زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەی دوو هەفتەیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی مامەڵەی خراپی کارمەندانی زیندانی ڕژێمی ئێران و دۆخی خراپی خۆی لە زیندانی ورمێ، دەستی داوەتە مانگرتن.

بە گوێرەی زانیاریی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دۆخی تەندرووستیی ناوبراو تێکچووە و ناجێگیرە و لە ئێستادا بووەتە مایەی نیگەرانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و خێزانەکەی.

نازدار ڕودساز دایکی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لەسەر پەرەی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، پەیامێک سەبارەت بە دۆخی کوڕەکەی دەدات و تێیدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی تەندرووستیی کوڕەکەی، ڕایگەیاندووە، کەیوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە بە دەستی بەستراو، ئەشکەنجە دراوە و لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کراوە.

ب.گ

Comments are closed.