شەقامەکانی ئامەد پڕبوون لە ئاهەنگی سەرکەوتن

ناوەندی هەواڵەکان

لە پاش سەرکەوتنی ئەمڕۆی ئامەد سپۆر و بوون بە پاڵەوانی لە خولی دووەمی تورکیا، ئامەدییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگیان گێڕا.

ئامەد سپۆر لە کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بە ئەنجامی ١-٠ لە سۆما سپۆری بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە، پاش سەرکەوتنەکە، شەقامەکانی ئامەد پڕبوون لە ئاهەنگ و جۆش و خرۆشی سەرکەوتن.

هاندەرانی ئامەد سپۆر ڕژانە شەقامەکان و بەرەو ئۆفیسی ناوچەی یەنیشەهیری یانەکە بەڕێکەوتن، هاندەران ئاڵای یانەکەیان هەڵگرت و بە یەک دەنگی “دێرین ها دیاربەکری دێرین”یان وتەوە، هاندەران هێشتا لە سەرانسەری شارەکە بە کاروانی ئۆتۆمبێل دەسووڕێنەوە، یاری ئاگرین هەڵدەدەن و بوق لێ دەدەن، زۆری ژمارەی ژنان لە ناو ئاهەنگەکاندا سەرنجی هەمووانی ڕاکێشاوە.

هاوڵاتییان لە چەند جێگەیەک ئۆتۆمبێلەکان ڕادەگرن و هەڵپەڕکێ دەکەن، پیشەوەران لە شوێنکارەکانیان مۆسیقایان لێ داوە و هەڵدەپەڕن، هەندێک هاندەر بۆ پێشوازیکردن لە ئامەد سپۆر بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێ کەوتوون.

ب.گ

Comments are closed.