شرۆڤەکارێک: پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بەهۆى دەستوەردانى دەرەکیی و ناوخۆیی یەکلا نەکراوەتەوە

بەغدا

پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هێشتا بابەتی مشتومڕ و ململانێی نێوان حزبە سیاسییەکانە، بەتایبەتی، کە پەیوەستە بە سەرکردایەتی سوننەکانەوە، لەوبارەوە شرۆڤەکارێکى سیاسی دەڵێت، ئەو پرسە چارەسەر نابێت بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکیی و ناوخۆییەوە.

حسێن جەنابی شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەى هۆکارى یەکلانەکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز بەمجۆرە زانیارى خستەڕوو.

حسێن جەنابى ڕایگەیاندووە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوو ڕەهەندی هەیە، ناوخۆیی و دەرەکیی ، یەکەمیان خۆی دەبینێتەوە لە ململانێی نێوان حزبە سیاسیەکانی سوننە لە بارەی ئەوەی کێ سەرکردایەتی سوننە دەکات.

دەشڵێت، ئەم پۆستە بووەتە بابەتی ململانێ بۆ زۆربەی هێزە سیاسییە سوننەکان، هەروەها بووەتە پرسێکی ئاڵۆز، کە هیچ چارەسەرێکی لە داهاتوویەکی نزیکدا نییە و ئەمەش بە دڵنیاییەوە مەیدانێکی دیکەی کێبڕکێی سیاسی لە عێراقدا درووست دەکات.

ڕۆژى دووشەممەی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئەو سکاڵایەی ڕەتکردەوە، کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنی شەعلان کەریم وەک سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکرابوو لەلایەن پەرلەمانتاران هەییەت حەلبوسی و ئەحمەد مەزهەر جبوریەوە.

هەروەها، ڕۆژی ١٣ـی کانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان ئەنجامدا، خولی یەکەمی دەنگدانەکەش بە سەرکەوتنی شەعلان کەریم لە حزبى تەقەدووم بە بەدەستهێنانى ١٥٢ دەنگ لە کۆی ٣١٤ دەنگ کۆتایی هات، ڕکابەرەکانی سالم عیساوی ٩٧ دەنگ و مەحمود مەشهەدانی ٤٨ دەنگ و عامر عەبدول جەبار ٦ دەنگى بەدەستهێنا
دادگای فیدراڵی بڕیاریدا تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دیکە، کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانتار شەعلان کەریم پێشکەشکرابوو، تا ٢٩ـی نیسانی ئەم مانگە دوابخات، کە لەلایەن پەرلەمانتاران (یوسف کیلابى، فالح خەزالی، حوسێن موعنیس) تۆمارکراوە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند جارێک لەبارەى دیاریکردنى کەسێک بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کۆبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا لایەنەکان لەوبارەوە نەگەشتونەتە ڕێککەوتن.

ڕ.ش

Comments are closed.