عێراق ڕێككەوتنێكی لەبارەى گواستنەوەی ئاو لەگەڵ ئێران واژۆكرد

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بڵاوى کردەوە، ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ ئێران بە مەبەستى گواستنەوەی سەرنشین لە كەنداوی عەرەبى واژۆكرد، دەشڵێن، ئەم هێڵە پێویستە و ئاسانكاریی دەکات بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە بارەی واژۆكردنی ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران بە مەبەستى گواستنەوەی سەرنشین لە كەنداوی عەرەب، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە بەشداری ئەحمەد جاسم ئەسەدی بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی گواستنەوەی دەریایی عێراق و نوێنەرانی بەندەرەكانی ئێران ڕێككەوتنێك واژۆكرا، بە مەبەستى چالاككردنی جووڵەی سەرنشینانی نێوان هەردوو وڵات لە كەنداوی عەرەب.

 ئاماژە بەوەشكراوە، ئەم هێڵە پێویستە بۆ ئاسانكاری گواستنەوەی گەشتیاران لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەتی لە وەرز و بۆنە ئاینییەكاندا و بۆ كەمكردنەوەی ئەو قەرەباڵغییەی كە لە ڕێگا وشكانیدا درووست دەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆمپانیاكان ئامادەن بۆ گواستنەوەی گەشتیاران، هەروەها بەلەمەكانی هەردوو وڵات مۆدێرن و پارێزراون بۆ گواستنەوەی سەرنشینەكان و ئامرازی ڕزگاركردنیان تێدایە.

لە كۆتایشدا باس لەوەكراوە، گواستنەوە لە نێوان بەندەرەكانی خوڕەمشارى ئێران و ناوچەی ئەشار لە كەناراوەكانی كەنداوی عەرەب دەبێت، ئەمەش دەبێتە خێراترین ڕێگای گواستنەوەی ئاوی نێوان هەردوو وڵات.

 هـ.ئ

Comments are closed.