“ژن، ژیان، ئازادیی” ناسنامەی نوێی ژنی ئازادە

ناوەندی هەواڵەکان

“ژن ژیان ئازادیی” لە مرۆڤێکی تەنیای نێو زیندانی تاکەکەسییەوە، تا شەقامەکانی ئێران و لەوێشەوە بۆ هەموو گۆڕەپانەکانی جیهان، ڕێبەر ئۆجالان وەک ئافرێنەری ئەم فەلسەفەیە دەڵێت: ئەم ساڵانە، ساڵی ئازادیی ژنانە دژی ئەو چەرخە تاریکانەى شارستانییەت وا ژنی پلیشاندووەتەوە.

هەمیشە بەرخۆدان بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان، بەشێک بووە لە نەخشەڕێی سیاسیی پەکەکە، لە ناوەڕاستی هەشتاکان و بەشداربوونی ئەم پارتە بۆ گۆڕەپانی سەربازیی، ژنان چەکدار بوون، خولی سەربازیی و ئایدۆلۆژیی، بۆ ئەو ژنانەى لە کۆمەڵگەی چەقبەستوو و پیاوسالاریی کوردستان هەڵهاتبوون کرایەوە، ئەم بەرەوپێشچوون جیاوازییە گەورەیەش، ئەم پارتەی لای ئەوان خۆشەویست کرد.

ڕێبەر ئۆجەلان پێی وابوو ژنان لە ژێر فەرمانڕەوایی سیستەمی پیاوسالارانەی سەرمایەداریی و دەوڵەت- نەتەوەدان، ئەو ژنان بە ”یەکەمین نەتەوەی کۆتکراوی مێژوو”، دەزانێت و دەڵێت: ”لە دڵی خۆمدا دەموت: ژن نیشتمانێکی داگیرکراوە و گەرەکە ئازاد بکرێت،”جا تا ئەو سنوورە ڕۆشت، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا داوای لە پیاوان کرد، ستەم دژی ژنان ببڕێننەوە و بە ماناوە وتی: ”پیاوێتیی لە خۆتاندا بکوژن.”

ڕێبەر ئۆجالان، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بیرۆکەی ‘ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد’ـی خستە ڕوو، ئەو ئەم ئایدۆلۆژیایە لەم ڕستەیەدا کورت دەکاتەوە: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، سا دەڵێت: ”ژن، ژیان، ئازادیی، واتە ژنی ئازاد، نیشتمانی ئازاد و پیاوی ئازادیشە.”

پاش بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا و ساڵی ١٩٩٩ ڕێبەر ئۆجالان لە کینیا ڕفێنرا، لەو کاتەوە لە زیندانی تاکەکەسی لە دوورگەی ئیمرالی زیندانییە، بەڵام دەستبەرداری ئەم پرسە نەبوو، لە ڕێی نامەکاریی و پارێزنامەکانییەوە کە دەیناردە دەرەوەی زیندان، تێکۆشا تا پتر ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد مشتوماڵ بدات.

ئەنجامی ئەم هەوڵەش، درووستکردنی ژنانی پێشەنگی وەک ساکینە جانسز و مشتوماڵدانی فەلسەفەی ‘ژنۆلۆژیی’ بوو، زانستی ناسینی ژن، کە ئێستا لە چیاکان و زانکۆ و ئەکادیمیاکانی جیهان دەخوێندرێت و توێژینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

“سەدەی٢١ سەدەی ئازادیی ژنە”

“ئەم ساڵانە، ساڵی ئازادیی ژنانە دژی ئەو چەرخە تاریکانەى شارستانییەت وا ژنی پلیشاندووەتەوە، تا ئەو کاتەى ژن، کە خودی ژیانە، ئازاد نەبێت، ژیانیش تراویلکەیەکی تەواوە، تا ئەو کاتەى ئاشتیی نێوان پیاو و ژیان لەگەڵ ژن درووست نەبێت، بەختەوەرییش خەیاڵێکی پووچە”.

ئەم نووسینە دەقی پەیامێکی ڕێبەر ئۆجالانە، کە لە ساڵی ٢٠١٣ بە بۆنەى ٨ـی مارس (ڕۆژی جیهانیی ژنان)، بڵاوی کردەوە، بە ناونیشانی “بۆ هۆگرانی حەقیقەت و یەکسانیی و مرۆڤدۆستیی”.

لە سەروبەندی سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” عاتیفە نەبەویی ژنە زیندانییەکی سیاسیی نووسیبووی، بۆ یەکەم جار، درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”ـم، لە زیندانی ئەوین لە شیرینی عەلەمهولیی بیست، نووسیبووی و بە دیواری لاکەشی تەختەخەوەکەیدا هەڵی واسیبوو.

شیرین عەلەمهولیی، لە بەرەبەیانی ٩ـی ئایاری ساڵی ٢٠١٠، بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)، هاوڕێ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلیی و عەلی حەیدەرییان و مەهدیی ئیسلامییان، لە زیندانی ئەوین لەسێدارە دران، لەو سەقزەى وا ژینا ئەمینیی لێیەوە چاوی بە ژین هەڵهێنا و ئەسپەردەى خاکەکەشی کرا، ژنان بە هەمان درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” جاڕی شۆڕشێکی هاوچەرخیان دا و ئەم درووشمە گەیشتە سەر زاری هەموو ژنان و ئازادییخوازانی جیهان.

ب.گ

Comments are closed.