پڕۆژەیەکی گەنجانـی کورد بۆ پاراستنی ژینگە ئاوییەکانی میزۆپۆتامیا

ئاکام جەزا

گرفت و قەیرانی ئاو ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، بۆ چارەسەری ئەو گرفتە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی، لەلایەن ژمارەیەک گەنجی کوردەوە پڕۆژەیەکی کردەیی دەستی پێکردووە.

پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ کرۆکی ژیانمان، پڕۆژەیەکی پاراستنی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکانە، کە لەلایەن ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراقـەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئامانجیان پاراستنی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکانە لە تەواوی عێراقدا، بە تایبەتیش ئەو سەرچاوە ئاوییانەی دەچنەوە سەر ڕووباری دیجلە.

کار و چالاکییەکانی پڕۆژەکە لە خانەیەکی تایبەتدا لە کارگەی کەلتووریی سلێمانی نیشاندراون بە مەبەستی ئاشناکردنی ئامانجەکانی پڕۆژەکە و هەوڵە بەردەوامەکانیان لە ماوەی کارکردنیاندا، پڕۆژەکەش بە هاوبەشی نێوان گەنجانی ژینگەدۆست هاتووەتە بەرهەم و لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بە بەردەوامی لە هەوڵدان تاکو بە شوێن تەواوی ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکان بکەون لە سەرتاسەری عێراقـدا، لە باشووری کوردستانەوە دەستی پێکردووە و تەواوی شار و شارۆچکەکانی عێراقی گرتووەتەوە، بە مەبەستی پێکەوەبەستنی ژینگە و کۆمەڵگە جیاوازەکانی نێو خاکی میزۆپۆتامیا.

بنوار ڕزگار
بنوار ڕزگار

بنوار ڕزگار، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق لە کوردستان، یەکێکیشە لە دەستەی بەڕێوەبەرانی پڕۆژەی “گەڕانەوە بۆ کرۆکی ژیانمان”، باسی لەوە کرد، کە پێشانگاکە کۆمەڵێک وێنە لەخۆ دەگرێت، لە ڕێی وێنەکانەوە هەوڵیانداوە پەیامەکەیان بگەیەنن، بە نیشاندانی هەست و سۆزی خەڵکانی ناوچە جیاوازەکانی عێراق و ئازارە ناوەکییەکانی دانیشتووان، کە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا پەی بەوە دەبەن دۆخی ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکانی میزۆپۆتامیا تا چ ئاستێک بەرەو خراپی ڕۆشتووە، لە نێوان دیمەنەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا نۆستالژیایەکی قووڵی لە ناخی دانیشتوواندا درووست کردووە.

بنوار، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ماوەی بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکەیاندا و گرتنی وێنەکاندا بوونەتە شایەتحاڵی تەواوی ئەو کارەساتانەی بەسەر سامانی ئاو، ڕووبار، دەریاچە و  سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان و عێراقدا هاتووە، هەر بۆیە بە بەردەوامی کاری جددی دەکەن لە پێناو پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکەدا.

هەروەها ڕوونیشی کردەوە، کە وەک پارێزەرانی ئاوـی عێراق، ڕاستەوخۆ دەستیان کردووە بە ڕووپێوییەک لەسەر ئاوی دەریاچەی تانجەرۆ و تێیدا ئەو مەترسییانەیان دیاریی کردووە، کە لەسەر ئەو دەریاچەیەیە، وەک دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئاوی قورس.

لەوەش زیاتر، لەمڕۆدا بە هاوکاری ڕێکخراوێکی بیانی، کار لەسەر پڕۆژەیەکی نوێ دەکەن، کە خۆی دەبینێتەوە لە درووستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و تێکەڵکردنیان بە پڕۆژەکانیان، تا لە کاتی کارکردن و وەرگرتنی ڕووپێویی بچنە شوێنەکان و بە چاویی خۆیان ببینن چ کارەساتێک ڕوویداوە، هاوکات ئەمانیش چی دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ژینگە ئاوییەکان.

ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق، پڕۆژەیەکی سەربەخۆی نا-حکومییە ئامانجیەتی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکان بپارێزێت، ڕێکخراوەکە، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان گەنجانی ژینگەدۆستە لە تەواوی عێراقـدا، کە هەوڵدەدەن بە کارکردنی بەردەوام و هەرەوەزییانە ڕووبارەکان و ڕێڕەوە ئاوییەکانی عێراق بپارێزن، یارمەتی خەڵکانی ناوچە جیاوازەکان بدەن.

ئەوەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی کارنامەیەک، کە خۆی دەبینێتەوە لە هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنێکی گونجاوی سەرچاوە ئاوییەکان، هەتا سەرچاوەکان بە یەکسانی دابەش بکرێن، هەروەها چاودێرییکردنیکوالێتی ئاو و ڕێگرییکردن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونیان، و پەروەردەی مەیدانیانە لە پێناو هۆشداری گشتی بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان.

ش. ئـ

Comments are closed.