کەمال حەمەڕەزا: ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد بەهۆی کارکردنێتی لە ئاژانسی ڕۆژنیوز

باران گەرمیانی

لەبارەی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی ڕۆژنیوز، کەمال حەمەڕەزا خاوەنی کۆمپانیای چەتر دەڵێت: سلێمان ئەحمەد بۆ کارکردن ڕووی لە باشووری کوردستان کرد، بە فەرمیی و یاسایی ماوەی پێنج ساڵە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز کاردەکات، هەر ئەوەش هۆکاری ڕفاندنێتی لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە، دەشڵێت: کۆڵ نادەین و ناوەستین لە خستنەڕووی ڕاستییەکان.

لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، کەمال حەسەن حەمەڕەزا، خاوەنی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی، کە ئاژانسی ڕۆژنیوز سەر بە هەمان کۆمپانیایە، باس لە سەرەتای دەستبەکاربوون و ماوەی کارکردنی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز دەکات، هەروەها هۆکاری ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کەی لە ئاژانسی ڕۆژنیوز دەستبەکاربوو، شێوازی هاتنی بۆ باشووری کوردستان چۆن بوو؟

کەمال حەمەڕەزا: سلێمان ئەحمەد خەڵکی عەفرینە لە ڕۆژئاوای کوردستان، پاش داگیرکردنی عەفرین ئاوارەی حەلەب دەبن، پاشان بۆ کارکردن لە پیشەکەی خۆیدا ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات، زانیاریی کەسێتی خۆی پێشکەشی ئێمە کرد و بۆ ماوەی مانگێک لە ژێر تاقیکردنەوەماندا بوو.

وتیشی: لە تاقیکردنەوەکەدا زۆر بە باشی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدا، گەنجێکی زیرەک و ڕوو خۆش بوو، بە زوویی خۆی تێکەڵی ناوەندەکەمان کرد و لەگەڵمان دەستی بە کارکردن کرد، بۆ ماوەی پێنج ساڵ و تا ساتی ڕفاندنی لە لای ئێمە بە شێوەیەکی فەرمیی کاری دەکرد.

لە ڕووی یاساییەوە سلێمان ئەحمەد هیچ کێشەیەکی هەبوو؟

کەمال حەمەڕەزا: هەر کەسێک کە هاوڵاتی هەرێمی کوردستان یان عێراق نەبێت و لە ئاژانسی ئێمە کار بکات، خۆم هەوڵدەدەم ئیقامەی بۆ بەدەست بهێنم، سلێمان ئیقامەی هەرێمی کوردستان و عێراقی هەبوو، کە وایە ڕێگەپێدراوە کاری خۆی بکات، بە شێوەیەکی فەرمی هاتوچۆی کردووە، هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، تەنها هۆکارێک کە بەو شێوازە بڕفێندرێت ئەوەیە، کە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز کار دەکات.

وتیشی: پارتی و بارزانی ئەوەیان بە بنەما گرتووە هەر کەسێک لە ئاژانسی ڕۆژنیوز و کۆمپانیای چەتر کاربکات، تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخستنەکانی پەکەکەی دەدرێتە پاڵ، ئەمە بیرکردنەوەی تورکە، پەدەکە داخوازییەکانی ئەردۆغان و میت جێبەجێ دەکات.

بۆچی ڕۆژنیوز وەکو میدیایەکی ئازاد بە ئامانج دەگیرێت و فشاری دەخرێتە سەر؟

کەمال حەمەڕەزا: وەکو ئاژانسی ڕۆژنیوز پەنجە دەخەینە سەر ئەو خاڵانەی کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستاندایە، لە هەموو بارودۆخێکدا ڕۆژنیوز توانیویەتی دەستی بگات بە هەموو ڕاستییەکان، پەردە لەسەر خاک فرۆشتن و پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ میتی تورکدا لابدات و ڕاستییەکانمان خستووەتە بەر چاوی خەڵک، ڕۆژنیوز وەکوو بەربەستێکی گەورەی بەردەمی خۆیان دەبینن، بۆیە فشارمان دەخرێتە سەر و هەوڵی بێ کاریگەرکردنمان دەدرێت.

ئێستا بارودۆخی باشووری کورستان لە ڕووی ئازادیی ڕادەڕبڕین و کاری ڕۆژنامەگەرییەوە لە چی ئاستێکدایە؟

کەمال حەمەڕەزا: دەسەڵات لەسەر بنەمای سەرکوتکردن خۆیان سەپاندووە، ڕۆژانە دەنگی ئازادمان لێ دەڕفێندرێت و تیرۆر و شەهید دەکرێن، زیندانەکانی پاراستن و میت پڕن لە خاوەن دەنگی ئازاد، ڕەوشێکیان خوڵقاندووە هەر کەسێک لە بادینان و زۆنی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە دەنگ هەڵبهێنێت سەرکووت و تیرۆر دەکرێت.

هەڵوێستی ئێوە چییە، ئایە ڕادەستی فشار و ڕەشبگیرییەکانی پەدەکە دەبن؟

کەمال حەمەڕەزا: تا خوێن لە گیانماندا مابێت و پێگەی نیشتیمانیی و نەتەوەیی کوردستان بە بنەما بگرین، هیچ کاتێک کۆڵ نادەین لە خستنەڕوو و هەڵماڵینی ڕاستییەکان و داماڵینی ڕووی ڕاستیی خۆفڕۆشیی پارتی بارزانیی کە خۆیان گرێداوە بە میتی تورکەوە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز سەر بە ‘کۆمپانیای چەتر’ـە و به‌ درووشمی “خستنه‌ڕووى ڕاستییه‌کان ئه‌رکى ئێمه‌یه‌”، لە ١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، وه‌ک ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى خۆى دژ به‌ هه‌ر زانیارییه‌کى چه‌واشه‌ و نادرووست و شێواندنى ڕاستییه‌کان ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ڕاستیی ڕووداوەکان بۆ ڕای گشتى ده‌خاته‌ڕوو.

ب.گ

Comments are closed.