عوسمان کاروانی: سەنتەری بڕیاردانی پەدەکە توشی شڵەژان بووە

سلێمانی

عوسمان کاروانی باس لەوە دەکات، لەبری ئەوەی وەک نەتەوە لە بەغدا بین، ئێستا وەک حزبی کوردیی ئامادەییمان هەیە، نەک وەک نەتەوەی  کورد و لایەنەکانیش تەنها بۆ بەرژەوەندیی و دەستکەوتی حزبەکانیان هەوڵدەدەن و بەشداریی سیاسەتن لە عێراقد، دەشڵێت، سەنتەری بڕیاردانی پەدەکە توشی شڵەژان بووە.

عوسمان کاروانی، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێ کردنی یەکگرتووی ئیسلامی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، سەبارەت لێکەوت و دەرئەنجامەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، هەروەها هێز و کاریگەریی ئامادەیی کورد لە بەغدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، عوسمان کاروانی وتی: لە ئەنجامی شکستە بەردەوامەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و کارکردن بۆ بەرژوەندییە حزبییەکانیان و پشتکردن لە بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەروەها کەللـەڕەقی بەردەوامی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هاوڵاتییانی هەرێم بووەتە هۆکاری ئەوەی چەندین سکاڵا تۆمار بکرێت و ببێتە هۆی ئەو دەرئەنجامانەی ئێستا هەن.

هەروەها سەبارەت بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ئەوەی خستەڕوو، لایەنەکانی دەسەڵات لە بەغدا لە بری شەڕی نەتەوەیی شەڕی دەستکەوتی حزبەکانیان دەکرد، لە ئێستادا کورد وەک نەتەوە لە بەغدا بوونی نییە، بەڵكو وەک حزبی کوردیی لە بەغدا بوونمان هەیە، بە هۆکاری جیاوازی لایەنە کوردییەکان بەتایبەتی دوو حزبی دەسەڵاتدار، لە بەرامبەر بەغدا و لەنێو وڵاتانی هەرێم هیچ هەلێکیان نەماوە بۆ جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکان، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکان چارەنووسێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.

عوسمان کاروانی باسی لە ئەگەرە کراوەکانی پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێت: ئەگەر لە ڕابردوودا پێوەری دیاریکردنی هێزی کورد، پێوەری شاخ و چەک و ڕوبەڕووبونەوەی ڕژێـمە یەک لە دواى یەکەکانی عێراق بووە، ئێستا پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی حکومەتی هەرێـم ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا.

لە بەردەوامی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، پێوەری گەشەی دیموکراسی و ئازادیی کاری ڕۆژنامەنوسیی و مافی ژنانە، بەم پێوەرانە هەڵسەنگاندن بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کاتێک لەم پێوەرانە شکستخواردوو دەبن بە دڵنیایی لە ئاستی نێودەڵەتیش دەبن بە هێزێكی شکستخواردوو.

عوسمان کاروانی، ئەوەشی خستەڕوو، بابەتی هەڵبژاردنەکان بابەتێکی هاستیارە، لە ئەگەری سەرنەگرتنی هەڵبژارنەکانی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان، هەرێم بەرەو دۆخێکی زۆر نا ئارام دەچێت، تەواوی پشتیوانییەکانی نێودەوڵەتی لەدەست دەچێت، هەرێمی کورستان دەچێتە دۆخێکی نادیارەوە، بۆیە پێویستە لەسەر حکومدارانی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدەن.

عوسمان کاروانی، لە بارەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە لایەن پەدەکە و هەروەها گومانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە لایەن یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان نەبوون، ئێستا کاتێک دیاری کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، ئەوان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان نین و ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن پەدەکەوە، عوسمان کاروانی، بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو و وتی: من وەک عوسمان کاروانی پێموایە سەنتەری بڕیاردانی پەدەکە توشی شڵەژان بووە، ئەم بڕیارەی پەدەکە کاردانەوەیە دژ بە بڕیارەکانی دادگای  فیدڕاڵیی، خاڵێکی دیکە لابردنی کورسی کۆتاکان و دیاریکردنی سیستمی فرە بازنەیی، کە ئەمەش بووە بە هۆکاری نەهێشتنی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا، دادپەروەری زیاتریش لە نوێنەری پارێزگاکانیش درووست دەبێت، هەروەها من پێموایە پەدەکە پەشیمان دەبێتەوە و زۆری نەماوە ڕادیۆ دەردەچێت.

سەبارەت بە بەشداریکردنی پەدەکە، لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، عوسمان کاروانی، باسی لەوە کرد، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەمریکییەکان و یەکێتی  ئەوروپا و سەرجەم لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنیی داوە و کاتی هەڵبژاردنیش لە لایەن سەرۆکی هەرێم، کە جێگری سەرۆکی پەدەکەیە دیاریکراوە، پێم سەیرە لە نێو ماڵێ خۆیاندا کات دیاری بکەن و بڵێن، بەشدار نابین لە ئەنجامدانی ئەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لە ئەگەری بەشدارینەکردنی پەدەکە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئایندەی هەڵبژاردنەکان بە کوێ دەگات، کارگێڕەکەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەوەی خستەڕوو، بەشدارینەکردنی پەدەکە، ئاسان نییە پێویستە چاوەڕوان بکەین تا ڕۆژەکانی داهاتوو، ئەو بارودۆخانەی دێتە پێشەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دادگای فیدراڵی و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەروەها وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن، کە لەلایەن جێگری سەرۆکی پارتیەوە دیاریکراوە، دەبێت لێگەڕێین بۆ بارودۆخەکانی کە دێتە پێشەوە وەڵامی ئەوەمان دەست دەکەوێت چی ڕوودەدات.

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، جیاواز لە دۆخی هەڵبژاردن سەبارەت بە دۆخی مووچە و بژێوی ژیانی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، عوسمان کاروانی نەیشاردەوە، دۆخی مووچە خۆرانی هەرێمی کورستان لە سایەی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کورستان لەوپەڕی خراپیدایە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابروودا ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە یەک مووچەی دابین کردووە، مایەی ئەوپەڕی شەرمەزارییە خۆیان پارەیەکی زۆریان لە ژێر دەستدایە، کەچی هاوڵاتییانی هەرێمەکە لەوپەڕی خراپی ژیان کردندان، حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سزادانی هاوڵاتیەکانیەتی، بەڵام پێویستە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە سەر سندوقی هەڵبژاردن سزای ئەو لایەنانە بدات، کە دۆخی بەم شێوەیە گەیاندووە.

هەروەها  لە بارەی هۆکاری دابەشنەکردنی مووچە لە لایەن حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستانەوە، عوسمان کاروانی وتیشی: مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراونەتە قوربانی نێوان سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی عێراق، بەجۆرێک دۆخێکیان دروستکردوە، کە دەیانەوێت بەم فشارەی دەیکەن لە هاوڵاتیان، پارەیەکی زیاتر و داهاتێکی زیاتر لە بەغداوە وەربگرن، دەستکەوتێکی زیاتریان هەبێت بۆ پڕۆژە حزبییەکانی خۆیان، ئەگەر نا تاکە هۆکار ئەوەیە دەیانەوێت سزای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام دڵنیام لەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەم حزبە حوکمڕانانە دەبن بە کەمینە و کۆتایی بە حوکمڕانیان دێت لە هەرێمی کوردستاندا.

ڕۆژ بەڕۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە سایەی بێپلانیی و شکستی یەک لە دوای یەکی  سیاسیی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوو لە خراپی دەکات، حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ ئەوەی لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە لە ڕووی ئابوورییەوە بناغەی تۆکمە لە هەرێم دابمەزرێنێت، هەوڵیش نادات لەگەڵ بەغدا کێشەکانی چارەسەر بکات و خەڵک لە گێژاوی قەیرانەکان ڕزگار بکات.

ش. ئـ

Comments are closed.