وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هێرشەکەى سەر کۆرمۆر پێشێلکردنى سەروەری خاکی عێراقە

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا  ئیدانەی هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و جەختیکردووەتەوە، کە ئەو هێرشانە پێشێلی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراقە.

دوابەدوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی دەکات، هێرشی لەو جۆرە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە، هەر بۆیە هانی دەسەڵاتداران دەدەین لێکۆڵینەوە بکەن و هێرشکەرەکان ڕووبەڕووی یاسا و دادگا بکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوە جەخت لە هەڵوێستی ئەمەریکا دەکاتەوە، کە بەردەوام دەبێت لە کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هاوکات، هاوخەمی خۆیان بۆ کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەردەبڕن و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازن.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆیەوە چوار کارمەندی بیانی کوژران، کە خەڵکی وڵاتی یەمەنن و چوارى دیکەش برینداربوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا و نزیکەی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە، کە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا ئەمە هەشتەمین هێرشە بۆ سەر ئەو کێڵگەیە.

غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و٦٧٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.

ش. ئـ

Comments are closed.